شارپرێس:
لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بەگەورەترین تۆڕی گەندەڵی
لەمێژوی نوێی عێراقدا گەیشتنە قۆناغێکی هەستیار، به‌گوێره‌ى زانیارییەكانى شارپرێس،
وهفدێكى باڵاى سەر بەدەستەی دەستپاکی عێراق، لەژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنی‌و بەشێوازێکی
تەواو نهێنی گەیشتونەتە هەرێمی کوردستان، هاتنی ئەم وه‌فده ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە
بەلێکۆڵینەوەکانی دۆسیەی (عەدنان جومەیلی)، بریکاری پێشوی وەزارەتی نەوت، کە بە"نەهەنگی
نەوت" ناسراوەو سەرەتای ئەم مانگە دەستگیرکرا.
ئەم جوڵە ئەمنییە کتوپڕە دوای ئەوەدێت کە لەسەر
ئاستی عێراق، هەڵمەتێک توند بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسانی تۆمەتبار بەگەندەڵی دەستیپێکردوە،
هێزە هاوبەشەکانی دژەتیرۆر، سوپا‌و دەستەی دەستپاکی، بەچەندین ئۆپەراسیۆنی هاوکات لەناوچەی
سەوز، بەغداو پارێزگاکانی دیکە، ژمارەیەکی زۆر لەپەرلەمانتارانو بەرپرسانی باڵایان
ڕاپێچی بەندینخانە کردوەو ئێستا تیشکی لێکۆڵینەوەکان ڕوی لەهەرێمی کوردستان کردوە
بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی تۆمەتباران.
به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى شارپرێس، ئامانجى
سەرەکی هاتنی وهفدهكهى دەستپاکی بۆ هەرێم بەدواداچونو ده‌ستبه‌راگرتنی یاساییه
بەسەر سەرجەم ئەو موڵک، باخ، ئۆتۆمبێل‌و داراییانەی کە عەدنان جومەیلی لەشارەکانی
هەرێم بەناوی خۆی یان کەسانی دیكه‌وه تۆماریکردون.
ئامانجێكى دیكه‌ى وهفدهكهى به‌غدا، لێکۆڵینەوەیه
بۆ دۆزینەوەو دەستنیشانکردنی ئەو کەسو بازرگانانەی کە لەناو هەرێمدا، بەشێوازی ڕاستەوخۆ
یان ناڕاستەوخۆ، هاوکاری عەدنان جومەیلی بون لەحەشاردانو سپیکردنەوەی پارەدا.
شارپرێس لهسهرچاوهیهكى ئاگاداره‌وه زانیویه‌تى،
"وهفدهكهى به‌غدا، دۆسیەی تایبەتی پێیە بۆ دوو بەرپرسی باڵای پێشوو و ئێستای
هەرێم، کە ناویان لەدانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلیو لیستی تۆمەتباراندا هاتوە".
ئه‌گه‌رچى شارپرێس زۆر هه‌وڵیدا ناوى ئه‌و
دوو به‌رپرسه‌ى هه‌رێم بزانێت، به‌ڵام به‌هۆى هه‌ستیارى دۆسیه‌كه‌وه ناوه‌كان ده‌ستنه‌كه‌وتن،
وه‌كو سه‌رچاوه‌كه وتى، "تائێستا دەستەی دەستپاکیو لایەنە فەرمییەکانی دادوەریی
لەبەغداو هەولێر، هیچ ناوێکی فەرمییان ئاشکرانەکردوە، لەبەرئەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە
لەگەڵ بەرپرسانی باڵا بەنهێنی‌و لەژێر ڕێکاری توندی یاساییدا بەڕێوەدەچێت، ناوەکان
بەفەرمی ڕانەگەیەندراون تاوەکو لێکۆڵینەوەکان کاریگەرییان لەسەر دروستنەبێت، زانیارییەکانیش
ته‌نها ده‌ڵێن، (بەرپرسی باڵای ئێستا‌و پێشوو) بەبێ هێنانە پێشەوەی ناوی ڕاستەوخۆ".
