شارپرێس:
ڕاوێژکارێكى یاسایی عهلى زهیدیى سەرۆک وەزیرانى عێراق ئاشكرایدهكات، "لهماوهى 13 ساڵى ڕابردودا، واته لە 2003وە تائێستا، دوو ترلیۆن دۆلارى عێراق دزراوە"، ئاشكراشیكردوه، "هەندێک لەداواکراوەکان هەوڵی هەڵاتنیانداوە بۆ دەرەوەی عێراق یان هەرێمی کوردستان، بەڵام هەرێم هاوکارییەکی باشی نیشانداوەو تائێستا ههشت تۆمەتباری ڕادەستکردوەتەوە".
دادوەر مونیر حەداد یهكێك لهڕاوێژکارانى یاسایی عهلى زهیدیى سەرۆک وەزیرانی عێراق، زانیاری نوێی لەسەر هەڵمەتی بەردەوامی حکومەت بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵیی ئاشکراکردو دهڵێت، "قەبارەی پارەی دزراو لەعێراق لە ساڵی 2003 تائێستا لەدوو ترلیۆن دۆلار تێپەڕیوە".
حەداد ژمارەی دزییەکانو موڵکو ماڵی تۆمەتبارانی بەشتێکی دەرەوەی عەقڵو لۆژیک وەسفکردوهو ئاماژەی بەوەشکردوه، دادگاییکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵیی بەئاشکرا بەڕێوەدەچێت.
ناوبراو ڕونیکردوهتەوە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیرکراوەکان بەردەوامەو هیچ ئامارێکی کۆتایی لەسەر ژمارەیان نییە، چونکە بەهۆی هەڵکوتانەسەرو ئۆپەراسیۆنە ڕۆژانەکانەوە، ژمارەکە بەردەوام لەزیادبوندایە.
هەروەها وتویەتی، "تۆمەتبارە سەرەکییەکان دانیان بەتاوانەکانیاندا ناوەو هاوکاریی دەزگا ئەمنییو دادوەرییەکانیان کردوە بۆ دۆزینەوەی تۆمەتبارانی دیکە، بەشێوەیەک هەندێک لەداواکراوەکانیش هەوڵی هەڵاتنیانداوە بۆ دەرەوەی عێراق یان هەرێمی کوردستان، بەڵام هەرێم هاوکارییەکی باشی نیشانداوەو تائێستا ههشت تۆمەتباری ڕادەستکردوەتەوە".
بهوتهى حەداد، "لیستی تۆمەتباران، بەرپرسی باڵا، پەرلەمانتارو بەرپرسانی ئێستاو پێشوو دەگرێتەوە، تاوانەکانیش تەنها دزینی باو نین، بەڵکو پرسی زۆربونی نائاسایی سەروەتو سامان دەگرێتەوە کە دەکەوێتە ژێر یاسای "ئەمەت لەکوێبوو"و لەڕوی یاساییەوە بەسپیکردنەوەی پارە دادەنرێت".
ڕاوێژکارەکەی زهیدیى ئەو بڕە پارانەی کە لەلایەن بریکارانی وەزارەتو بەرپرسانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە بەباوەڕپێنەکراو وەسفکرد؛ وهكو وتویهتى، "بۆ نمونە هاوسەری یەکێک لەتۆمەتباران خانویهكى بەبڕی پێنج ملیۆن دۆلار کڕیوە، کە ئەم پارەیە بەسە بۆ دروستکردنی گەورەترین ڤێلا لەپاریس یان ئەمستەردام، جگەلەوەی بەرپرس هەیە کە زیاتر لە 50 خانوبەرە بەناوی خۆی یان خێزانەکەیەوە تۆمارکراوە".
لەکۆتاییدا جەختیکردوهتەوە، تەواوی پارە گەڕێندراوەکانو موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکان بۆ گەنجینەی دەوڵەتی عێراق دەگەڕێنەوە.
