مالیکی هۆشداریی لەوازهێنان لەچوارچێوەی هەماهەنگی دەدات‌

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1506 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، هۆشداریدەدات لەدەستبەرداربون لەچوارچێوەی هەماهەنگی‌و ڕایدەگەیەنێت، هاوپەیمانێتییەکە وەک چۆن دامەزراوە، بەپاراستنی بنەما، ناسنامەو دامەزرێنەرانی خۆیەوە بەردەوامدەبێت، مالیکی پێکهێنانی سێ حکومەتی یەک لەدوای یەک لەلایەن چوارچێوەکەوە، بەبەڵگەی سەرکەوتنی پڕۆژە سیاسییەکەیان لەقۆناغەکەدا دادەنێت.


نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاندوه‌، "چوارچێوەی هەماهەنگی پڕۆژەیەکی سیاسیی نیشتمانییە کە سەرکەوتنی خۆی سەلماندوەو بوەتە چەتر بۆ پرۆسەی سیاسیی نیشتمانی".

مالیکی ئاماژەی بەوەشکرد، "کاتێک چوارچێوەی هەماهەنگی دەتوانێت سێ حکومەتی یەک لەدوای یەک پێکبهێنێت، ئەمە بەڵگەیەکی پراکتیکی‌و تیۆرییە لەسەر سەرکەوتنی پڕۆژەکەو توانای بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغەکەو بەدیهێنانی سەقامگیریی".

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەدرێژەی پەیامەکەیدا جەختیکردەوە، "لەم سۆنگەیەوە، هیچ شتێک نییە کە داوای دەستبەرداربون لەپڕۆژەیەک بکات کە سەرکەوتنی خۆی سەلماندوە، بەڵکو چوارچێوەکە وەک چۆن دامەزراوە بەچوارچێوەیی دەمێنێتەوەو پارێزگاری لەبنەما، ناسنامەو دامەزرێنەرانی دەکات".

مالیکی لەکۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "ئەگەر پێویستییەکیش هەبێت بۆ پەرەپێدانی میکانیزمەکانی کارکردن یان بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدا، ئەوا لەچوارچێوەی پەرەسەندنی سروشتیدا دەبێت کە هاوتەریب بێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا، نەک لەسەر حسابی جەوهەری پڕۆژەکە یان ناسنامەکەی".