کەجەکە سەپاندنی یاسای تایبەت بەپرۆسەی ئاشتی ڕەتدەکاتەوە

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 191 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

کۆما جڤاکێن کوردستانێ کەجەکە لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ماوەیەکە لە نێو ڕای گشتی و میدیای تورکیادا گەنگەشە لەسەر یاسای چوارچێوە دەکرێت. لە ڕاگەیاندنەکاندا بەو شێوازە هەڵسەنگاندن دەکرێت کە لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ئۆجالاندا ناگونجێت، هەروەها بە پێچەوانەی ئەوەوەیە. دواجار، ئەو پێشنیازانەی کە ئۆجالان لە ٢٤ی ئایاردا لە ئیمراڵی پێشکەشی کردن و ئەو دیدارانەی کە شاندی دەم پارتی لەگەڵ بەرپرسانی ئاکەپەدا ئەنجامیان دان، وەک ئەوەی شتێکی نوێ بن نیشان دران. لە کاتێکدا لە ٢٤ی ئایارەوە تا ئێستا هیچ دیدارێک لەگەڵ ئۆجالاندا ئەنجام نەدراوە.

کەجەکە لەڕاگەیەندراوەکەیدا ڕونیکردەوە، دوای دیداری ٢٤ی ئایار، ئەو پێشنیازانەی کە ئۆجالان پێشکەشی کردن، بڕیار بوو لە لایەن دەسەڵاتەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت. ئەم هەڵسەنگاندنە دەبوو بە ئۆجالان ڕابگەیەندرێت و ئەنجامەکانیشی بە تەڤگەری ئێمە ڕابگەیەندرێت.

دەشڵێت، تا ئێستا ئەم ڕێوشوێنە بەڕێوە نەچووە. لەبەر ئەوە، لەو ڕۆژەوە تا ئێستا هیچ پەیوەندییەک یان ڕووداوێک نەقەوماوە کە شایەنی هەڵسەنگاندن بێت. لە بابەتێکی مێژوویی و گرنگی ئاوادا، گۆشەگیری لەسەر ئۆجالان بەردەوامە و تەڤگەری ئازادیشمان لەم ماوەیەدا هیچ زانیارییەکی بەدەست نەگەیشتووە.

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە. بۆ ئەوەی کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر پڕۆسەکە و دیالۆگەکانی لەگەڵ ئۆجالاندا نەبێت، وەک تەڤگەر بە ڕاستمان نەزانی کە بەردەوام لێدوان بدەین. بەڵام ئەو سیاسەت، لێدوان و هەڵسەنگاندنانەی ماوەی دوایی کە دەکرێن، ئەو پێویستییەیان خوڵقاند کە بە ڕاگەیاندراوێک بۆچوونەکانی خۆمان لەگەڵ ڕای گشتیدا بەش بکەین.

دووپاتیشیکردەوە، ئەگەر لەگەڵ ڕێبەرێتیدا دیدار و گفتوگۆ نەکرێت، بۆچوونی تەڤگەرەکەمان وەرنەگیرێت و لەسەر ئەم بابەتە بگوترێت کە یاسایەک بە فڵان شێوە دەردەکرێت، لە ناوەڕۆکیدا فڵان شت دەبێت؛ ئەمە وەکو یارییەکە، وەکو سەپاندن، هەروەها وەکو پیلانگێڕییەک دەبینرێت. هەر خۆی نوعمان کورتولمووش لە لێدوانێکدا گوتی، یاسایەک دەردەکرێت، ئەوانەی دێن با بێن، ئەوانەی نەهاتن، ئەوەی پێویست بێت لە دژیان دەکرێت. بڕیارێکی پەیوەندیدار بەم ڕێکخستنەوە بە شێوەیەکی یەکگرتوو دەردەکرێت و بە کۆدەنگی و یەکگرتووییش جێبەجێ دەکرێت. تەڤگەری ئازادیمان تەنها یاسا و هەنگاوی یەکگرتوو و جددی لەبەرچاودەگرێت. ئەگەر نا مامەڵەی؛ بەشێک دێن، بەشێک نایەن، نابێت. کێشەکە تەنها چەکدانانی شەڕڤانان نییە. 

ڕاشیگەیاند، وەکو تەڤگەری ئازادی، ئێمە لە کۆنگرەی دوانزەمیندا بڕیارماندا کە پرۆسەی کۆتاییهێنان بە هەموو کار و چالاکییەک و چەکدانان لەلایەن ئۆجالانەوە بەڕێوەببرێت. ئۆجالانیش تەنها لەناو هەلومەرجی کارکردنی ئازاددا دەتوانێت ئەم پرۆسەیە بەڕێوەبەرێت. گەلەکەمان و تەڤگەرەکەمان لە سەرەتاوە ڕایگەیاندووە کە سیاسەت و پراکتیکێک بەبێ ئازادیی ئۆجالان، بەبێ ڕەخساندنی هەلومەرجی کارکردنی ئازاد، قبووڵ ناکات. تاوەکو مامەڵەیەکی ئەرێنی لە پێگەی ئۆجالاندا نیشاننەدرێت و لەم چوارچێوەیەدا هەنگاو نەنرێت، کەس ناتوانێت بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە جێبەجێ بکات.