لەشاری مەهاباد ئاڵۆزی ڕوویداو کوژراوو بریندار هەن

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 883 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

 
شارپرێس:

لەڕاگەیاندراوێکدا ناوەندی ڕێکخستنی نهێنیی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئێران ئاشکرایکرد، " بەکرێگیراوێکی ڕژێم بەناوی نیما تەیمووری کوڕی جەعفەر لە شاری مەهاباد هێرشی کردووەتە سەر چەند هاووڵاتیی مەدەنی بە بیانووی ئەوەی ئەو چەند کەسە جلوبەرگی ڕەنگی خاکیان لەبەر کردووە. لە ئاکامدا کەسێکی سڤیل بەناوی سیاوەش ئەلەک کوڕی سەید عومەر کوژراوە و چەند کەسی دیکەش بریندار دەبن".

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای ئەو ڕووداوە کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵکی مەهاباد دەچنە بەر دەرکی نەخۆشخانەی شار و  دروشمی دژی دەوڵەت و  پشتیوانی لە خەڵکی شارەکە دەڵێنەوە.

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت، وێڕای دەربڕینی بەداخبوون بۆ گیانلەدەستدانی لاوی بەغەدر کوژراو سیاوەش ئەلەک و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ناوبراو، ئەو کردەوەی بەکرێگیراوانی ڕژێم مەحکووم دەکات و داوا لە خەڵکی کوردستان بەگشتی و مەهاباد بەتایبەتی دەکات، لە بەرامبەر دەستدرێژی و ئەزیەت و ئازاری بەکرێگیراوانی ڕژێمدا بێدەنگ نەبن و یەکگرتووانە بەگژیاندا بێنەوە و ڕێگا نەدەن بە بیانووی جۆراوجۆر ژیان و گیان و ماڵیان بخەنە مەترسییەوە.