شارپرێس:
سه‌رۆكی فراكسیۆنی به‌ره‌ی توركمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، پارته‌كه‌ی پۆستی له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌وێت و ده‌یه‌وێت له پۆسته سیادییه‌كاندا وه‌كو پێكهاته‌ی توركمانی پشكییان هه‌بێت.
ئایدن مه‌عروف، سه‌رۆكی فراكسیۆنی به‌ره‌ی توركمانی به ئاژانسی ئه‌نادۆڵ-ی راگه‌یاند، "داوا ده‌كه‌ین پۆستمان له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پێبدرێـت و له كابینه‌ی نۆیه‌میش به وه‌زاره‌تێك به‌شدارببین، چونكه نیازی به‌شدارییكردنمان هه‌یه".
ده‌شڵێت، "ئێمه له كۆبوونه‌وه‌كانی رابردووماندا له‌گه‌ڵ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان وا رێككه‌وتن كراوه كه به‌شداریی له حكوومه‌ت بكه‌ین و ئه‌وه‌ش داواكاریی پارتی بوو و به‌شداریی به‌ره‌ی توركمانییان له كابینه‌ی نۆیه‌م و له په‌رله‌ماندا به گرنگ زانیوه چونكه ئه‌وه به سه‌قامگیریی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان زانراوه".
ئایدن مه‌عروف وتیشی، "تا ئێستا به‌فه‌رمی له‌گه‌ڵ براده‌رانی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی ئه‌وه‌مان نه‌كردووه چی پۆستێك ده‌درێت به توركمانه‌كان، چونكه ئێستا یه‌كه‌مجار كار بۆ ئه‌كتیڤكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌كرێت وه‌كو قۆناغی یه‌كه‌م، قۆناغی دووه‌م كاندید بۆ سه‌رۆكی حكوومه‌ت ته‌كلیف ده‌كرێت و بۆ ئه‌و كاته ره‌نگه قسه و باس له‌سه‌ر پۆست بكه‌ین، ئێمه به‌شداریین له په‌رله‌مان و ده‌مانه‌وێت له حكوومه‌ت و له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیشدا به‌شدارببین و ئه‌مه نیازی ئێمه‌یه، ده‌مانه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی كارا به‌شداربیین".
ئایدن مه‌عروف باسی له‌وه‌شكرد، "داواكارین له دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم وه‌كو توركمانه‌كان و به‌ره‌ی توركمانی به پۆستی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی هه‌رێم یان راوێژكار به‌سیفه‌تی وه‌زیر بۆ كاروباری توركمان ببێت، هه‌روه‌ها له حكوومه‌تیش ده‌مانه‌وێت پۆستی وه‌زارییمان هه‌بێت به‌تایبه‌ت وه‌زاره‌تێك هه‌بێت بۆ كاروباری پێكهاته‌كان".
سه‌باره‌ت به پاڵپشتیكردنی كاندیدان بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئایدن مه‌عروف نه‌یشارده‌وه ئه‌وان پشتیوانی له نێچیرڤان بارزانی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌و پۆسته، له‌و باره‌یه‌وه وتی، "ئێمه پاڵپشتیی له نێچیرڤان بارزانی ده‌كه‌ین بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم، چونكه كارێزمایه‌كی سیاسییه له هه‌رێم و ناوچه‌كه‌دا، له‌رابردوودا له‌كاره‌كانییاندا بێ جیاوازیی كاری كردووه".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "نێچیرڤان بارزانی كه‌سێكی میانڕه‌وه و سیاسه‌ته‌كانی میانڕه‌وانه بووه و جیاوازیی له‌نێوان هاووڵاتییان نه‌كردووه، بۆیه ئێمه وه‌كو به‌ره‌ی توركمانی و وه‌كو پێكهاته‌ی توركمانی پشتیوانی لێ ده‌كه‌ین بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته و پێكهاته‌كانی دیكه‌ش پشتیوانیی لێ ده‌كه‌ن".