هەوڵی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی هەرێم

کوردستان

22/05/2019‌ 850 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوو پەرلەمانی كوردستان سەرۆكی ھەرێم لە رێگەی دەنگدانی ئاشكرا، كە یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی ھەرێم دیاری كردووە یەكلاییبكاتەوە و ھەرێم، كە نزیكەی ساڵ و نیوێك دەبێت بەبێ سەرۆكە ببێتەوە بە خاوەن سەرۆكی ھەرێم.

بەپێی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی ھەرێم لەماوەی سێ رۆژ لە یەكلاییكردنەوەی ناوی كاندیدان بۆ پۆستی سەرۆكی ھەرێم لە لایەن ئەنجوومەنی دادوەرییەوە پەرلەمانی كوردستان سەرۆكی ھەرێم بەدەنگدانی ئاشكرا ھەڵدەبژێرێت كە پێویستی بەدەنگی زۆرینەی رەھایە ئەویش ٧٥ دەنگە.

ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوڵستان نھێلی لەو بارەوە بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ وتی: پێشبینی دەكەین تا ٢٥ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، سەرۆكی ھەرێمیش لە كۆی دەنگی ١١١ پەرلەمانتار پێشبینی دەكەین ٩١ دەنگ بەدەست بھێنێت، نێچیرڤان بارزانی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانە.

ئەو وتیشی: جگە لە فراكسیۆنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، گۆڕان، پێكھاتەكانی كریستییان و توركمان، پێشبینی دەكەین سوسیالیست و لیستی حزبی شیوعیش دەنگی پێ بدات و بەو پێیە نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت ٩١ دەنگ بەدەست بھێنێت، ئەو سێ لایەنەی یەكەم رێككەوتنی سیاسییان لەنێواندایە، ئەوانی دیكەش كە ناوم ھێنان دەنگی پێ دەدەن.

گوڵستان نهێلی هەروەها وتی: دوای ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێم كاندید بۆ پێكھێنانی نۆیەمی حكومەتی ھەرێم رادەسپێردرێت و لەماوەی ٣٠ رۆژ ئەو كابینەیە پێكدەھێنرێت، بەڵام ئەگەریشی ھەیە كە ئەو كارە زیاتری بوێت، ئەمە دیار نییە، چونكە ھەندێك جار بەربەست ھەن و ھەندێك لایەنە سیاسییەكان تەواو یەكلایی نابنەوە، بەڵام گەشبینین كە لەو ماوەیەدا لەو ٣٠ رۆژەدا كابینەی نۆیەم پێكبھێنرێت، پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەیە بۆ پێكھێنانی حكوومەت، بەڵام دەبێت بیر لەوە بكەینەوە لایەنی دیكەش ھەیە و پێویستە ھەمووان ھەوڵبدەن بەزووترین كات كابینەكە دروست بكرێت.

هەشتی ئەم مانگە پەرلەمانی كوردستان پڕۆژەی "پێشنیازی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان-عێراق و ھەمواری شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستوور" پەسەندكرد و پاشان بوو بە یەكەم یاسا كە لە ئەمساڵدا و لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان پەسەند بكرێت، یاساكە پەیوەستە بە كاراكردنەوەی ئەو دامەزراوەیە كە لە ٢٠١٧یەوە لە لایەن پەرلەمانەوە سڕكرا و كارەكانی ھەڵپەسێردرا.

دوای چوار رۆژ و بەدیاریكراوی لە ١٢ی ئایار سەرۆكایەتی پەرلەمان دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆكی ھەرێم كردەوە و سێ رۆژ دیاریكرابوو كە حەوت كەس خۆیان كاندیدكرد و پێنجیان پەسەندكران و دووشییان لابران، لەنێو كاندیدەكاندا بۆ پۆستی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان سەرۆكی ئێستای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی ھەیە.

هەروەها ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، جەلال محەمەد وتی: دیارە بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی ٢٠١٩ی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان و شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆك تا نووسینەوەی دەستوور دوای ئەوەی ناوی كاندیدان راگەیەندران كە پێنج كەسن، دوو رۆژ ھەیە بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی سی ڤی-یان پێشكەشكردووە تا تانە لە نەھاتنەوەی ناوەكانیان بدەن، دواتر سێ رۆژ لەبەردەم دەستەی سەرۆكایەتیدا ھەیە بۆ ئەوەی كات دیاری بكات بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان و پاشان سەرۆك بە دەنگدانی ئاشكرا بەپێی یاسا ھەڵدەبژێردرێت.

ئەوەشی وت: نێچیرڤان بارزانی كاندیدی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانییە كە پارتی دیموكراتی كوردستانە، جگە لەوەش رێككەوتنی سیاسییان لەگەڵ لایەنی دیكەی دەرەوەی پارتیش ھەیە، بۆیە پێشبینی دەكەین نێچیرڤان بارزانی دەنگی پێبدرێت و ببێت بە سەرۆكی ھەرێم".

پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە ھەڵبژاردنەكانی ٣٠ی ئەیلوولی ساڵی پار توانی ٤٥ كورسی لە كۆی ١١١ كورسی بەدەست بھێنێت و ببێت بەگەورەترین كوتلەی پەرلەمانی كاندیدی بۆ پێكھێنانی كابینەی نۆیەم دیاریكردووە كە ئەویش راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێم، مەسرور بارزانی-یە، بەپێی رێككەوتنی سێ لایەنە سەرەكییەكەی كابینەی نۆیەم كە پارتی، یەكێتی، گۆڕان-ن دەنگی ئەندامانی ئەو سێ لایەنە بۆ كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆكی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی دەبێت.

مەسعود بارزانی لە ساڵی ٢٠٠٥ بۆ یەكەمجار وەكو سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ھەڵبژێردرا و بەو پێیە نێچیرڤان بارزانی ئەگەر ھەڵبژێردرا ئەوا دەبێتە دووەم سەرۆكی ھەرێم لە مێژووی ھەرێمی كوردستان.

هـ ـ ح