راپۆرتێك ئەو وڵاتانە دیاریدەكات پیسترین ژینگەیان هەیە

جیهان

08/07/2019‌ 1045 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
راپۆرتێكی نێودەوڵەتی نوێ لەسەر پیسبوونی ژینگەی وڵاتانی جیهان دەرچووە و ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، لەسەرانسەری جیهان ژینگە زیاتر پیس بووە، بەڵام بە رێژەی جیاواز ، بەتایبەت لە وڵاتانی پیشەسازی و وڵاتانی گەشەسەندوو، كە بەدەست لاوازی سیاسەتی پاراستنی ژینگەوە دەناڵێنن .

راپۆرتەكە لەسەر پێگەی numbeo بڵاوكراوەتەوە، كە ئەو وڵاتانەی پیسترین ژینگەیان هەیە ئاشكرا كردووەو دەكەونە كیشوەری ئاسیاوە و بەپێی ڕیزبەندییەكە وڵاتی مەنگۆلیا لەپێشی لیستەكەدایە ، دوای ئەویش وڵاتی مینمار دێت و ئەفغانستانیش پلەی سێیەمی گرتووە ، لەدوای ئەویش بەنگلادیش دێت .

بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە، كە لوبنان بە پێنجەم وڵاتی جیهان دەستنیشانكراوە لەڕووی بەرزی ڕێژەی پیسبوونی ژینگەوە و رێژەی ٧٨،٣٩%ی تۆمار كردووە ، بەوەش پێش هەندێك وڵاتی گەورەی وەك نایجیریا و میسر و چین و ئەو وڵاتانەی تر كەوتۆتەوە كە ژمارەی دانیشتووانیان بەرزە .

لەناو وڵاتانی عەرەبیدا لەدوای لوبنان میسر پلەی هەشتەمی جیهانی هەیە ، هەروەك ئوردن پلەی ١٥ و عێراق ١٨ ، كوێت ٢٨ ، سعودییە پلەی ٣٧ ی گرتووە.

هەرچی روسیایە پلەی ٥١ی  وڵاتی جیهانە لەڕووی ژینگەییەوە ، وڵاتی فینلەنداش كەمترین رێژەی پیسبوونی ژینگەی تێدا تۆمار كراوە دوای ئەو ئایسلەندا و ئیستوانیا و سوید دێن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی