شارپرێس: بۆریس جۆنسۆنی وەزیری دەرەوەی پێشووی بەریتانیا ، دوای ئەوەی لەناو پارتی پاریزگاران بەسەر جیریمی هانتی وەزیری دەرەوەی ئێستای بەریتانیادا سەركەوت بوو بە سەرۆك وەزیری بەریتانیا . لەساڵی ٢٠١٦ تیریزا مای سەرۆك وەزیری پێشوو ، جۆنسۆنی وەك وەزیری دەرەوە دەستنیشان كرد ، بەڵام لەساڵی ٢٠١٨ وەك نارەزایەتی دەربڕینێك لەبەرانبەر سیاسەتەكانی مای لەسەر چۆنێتی چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا دەستی لەكاركێشایەوە . جۆنسۆن واناسراوە، كە لێدوانی سەیرو سەمەرە دەدات و حەزیشی لە گاڵتە و گەپ و ئاراستەكردنی رەخنەی زۆر توند هەیە ، ئەوەش وایكرد زۆركەس تووشی شۆك ببن كاتێك بینیان ئەو بووەتە وەزیری دەرەوە . یەكێك لە لێدوانە شەرمهێنەرەكانی سەرۆك وەزیری نوێی بەریتانیا ئەوە بوو، كە كاتی خۆی وتی: بنەچەی كینییانەی باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمەریكا وایكردووە، كە رقی لە كولتووری بەریتانیا و مێژووەكەی بێت. هەروەك هیلاری كلینتۆنی پاڵێوراوی پێشووی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمەریكای بەو پەرستارە چوواندووە، كە لە نەخۆشخانەی چارەسەری نەخۆشییە دەروونییەكان كار دەكات . رەخنەیەكی زۆریشی لە باراك ئۆباما گرت دوای ئەوەی داوای لە بەریتانییەكان كرد لەناو یەكێتی ئەوروپادا بمێننەوە و وتی: ویلاتە یەكگرتووەكان بەو كۆتوبەندانە رازی نابێت كە یەكێتی ئەوروپا بەسەریدا دەسەپێنێت ، ئەدی بۆچی دەیەوێت ئێمە ئەوە قبووڵ بكەین. لەگەرمەی هەڵمەتی دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا ، جۆنسۆن وتی: یەكێتی ئەوروپا پرۆژەی هیتلەری ڕێبەری نازییەكانە ، كە بەقسەی ئەو هیتلەر هەوڵیداوە دەوڵەتێكی یەكگرتوو بۆ ئەوروپا درووست بكات . جۆنسۆن بە رواڵەتە جێسەرنجەكەی و پاسكیلەكەشی ناسراوە ، بەجۆرێك پرۆژەیەكی گەورەی بۆ بەكارهێنانی پاسكیل لەناو لەندەن خستەڕوو تا هانی ٩٠ هەزار كەس بدات بۆچوونە سەر كار و دابینكردنی پێداویستییەكانیان پاسكیل بەكاربهێنن . زۆرجار بە پاسكیلەكەی دەڕوات بۆ سەر كار ، لەگەڵ ئەوەی چەندین جار پاسكیلەكەیان لێدزیوە ، بۆیە بابەتی دزینی پاسكیل یەكێك بووە لەو بابەتانەی لەوكاتەی سەرۆكی شارەوانی لەندەن بووە زۆر جێی گرنگیپێدانی بوو . جۆنسۆن ساڵی ١٩٦٤ لە نیویۆرك لەدایك بووە ، ئەوكاتەی ئەو منداڵێكی بچووك بووە دایك و باوكی گواستوویانەتەوە بۆ لەندەن ، دەشڵێت كە باوكی توركە ، لە كۆلێژی بەناوبانگی ئیتۆن خوێندوویەتی و حەزی لە خوێندنی زمانی ئینگلیزی و ئەدەبی كلاسیك بووە . هەروەك ئەدەبی كۆنی لە ئۆكسفۆرد خوێندووە ، ژیانی كاركردنیشی وەك رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی تەلەگراف دەستپێكردووە ، دواتر بۆتە پەیامنێری یەكێتی ئەروپای رۆژنامەكە و یاریدەدەری بەڕێوەبەر ، ئەوەش پێش ئەوەی لەساڵی ١٩٩١ ببیتە بەڕێوەبەری رۆژنامەی سپیكتیتۆر . ژیانی رۆژنامەگەری وایلێكردووە جێگەڕێگەیەكی كۆمەڵایەتی دیاری پێببەخشێت ، بەوەش دەرگای ژیانی سیاسی بۆ كردۆتەوە و تا لەساڵی ٢٠٠١ بووە بە ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی لەسەر لیستی پارێزگاران . هاوسەرگیری یەكەمی جۆنسۆن ساڵی ١٩٨٧ لەگەڵ ئەلیگرا مۆستین ئەوین بووە ، بەڵام لەساڵی ١٩٩٣ لەیەكتر جیابوونەوە و دواتر هاوسەرگیری لەگەڵ پاریزەرێك كرد بەناوی مارینا ویلەر كە سێ منداڵیان هەیە. ئەوكاتەی بۆریس جۆنسۆن سەرۆكی شارەوانی لەندەن بوو ناوبانگ و لایەنگرێكی زۆری پەیداكرد ، دوای ئەوەش كە پشتیوانی هەڵمەتی دەرچوونی بەریتانیای لەیەكێتی ئەوروپا دەكرد ، چاودێران پێیان وابوو كە دوای دەستلەكاركێشانەوەی دەیڤید كامیرۆن پۆستی سەرۆك وەزیری وەزیران و سەرۆكایەتی پارتی پارێزگاران وەربگرێت. بەڵام لەبەرانبەردا ، گەلێك لە نەیار و بەرهەڵستكاری لێپەیدابوون كە رەخنەیان لەلێدوانە سەیروسەمەرەكانی دەگرت و پێیان وابوو كە جۆنسۆن شایانی ئەوە نییە پۆستی بەرز لە دەوڵەتدا وەربگرێت . ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی