شارپرێس:
لەپۆڵێنبەندییەكی نوێی پێگەی سەربازی "گڵۆباڵ فایەر پاوەر" لەسەر ژمارەی ئەو فرۆكە سەربازییانەی وڵاتان هەیانە، دەركەوتووە لەرۆژهەڵاتی ناوەراستو باكووری ئەفریقا میسر پلەی یەكەمی هەیە و لەو رووەوە پێش هەریەك لە توركیا و ئیسرائیل كەوتووەتەوە.
بەگوێرەی پۆڵێنەكە، هێزی ئاسمانی میسری لەسەر ئاستی جیهان بە بوونی ١٠٩٢ فرۆكەی جەنگی جۆراوجۆر پلەی حەوتەمی هەیە، بەوەش پێش هەریەك لە توركیا كە خاوەنی ١٠٦٧ و پلەی دەیەمی جیهانی هەیە، ئیسرائیلیش، كە خاوەنی ٥٩٥ فرۆكەی جەنگییە و پلەی یازدەیەمی جیهانی هەیە كەوتووەتەوە.
لەناو وڵاتانی عەرەبیش ئەو وڵاتانەی لەدوای میسرەوە دێن لەرووی ژمارەی فرۆكەی جەنگییەوە، سعودییە لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبی دووەمە و لەسەر ئاستی جیهانیش لە پلەی دوازدەهەمیندایە، دواتر جەزائیر سێیەمی عەرەبی و بیست و یەكەمینی جیهانییە، دواتر ئیمارات چوارەمی عەرەبی و بیست و سێیەمینی جیهانییە .
لەسەر ئاستی جیهان، ئەمەریكا لەڕووی توانای هێزی ئاسمانییەوە لەپلەی یەكەمدایە و ١٣ هەزار و ٣٩٨ فرۆكەی جەنگی هەیە ، دواتر روسیا پلەی دووەمی هەیە و خاوەنی ٤ هەزار و ٧٨ فرۆكەیە ، ئینجا چین خاوەنی ٣ هەزار و ١٨٧ فرۆكەی جەنگییە .
هەرچی هیندستانە ئەوە پلەی چاورەمی لەسەر ئاستی جیهان هەیە و خاوەنی ٢٠٨٢ فرۆكەیە ، كۆریای باشووریش پلەی پێنجەم و خاوەنی ١٦١٤ فرۆكەیە ، فەرەنساش لەپلەی شەشەم و خاوەنی ١٢٤٨ فرۆكەیە ، بەریتانیش بە بوونی ٨١١ فرۆكەی جەنگی جۆربەجۆر لەپلەی پانزەیەمینی ریزبەندییەكەدایە .
هەرچی ئەو وڵاتانەشە، كە لە خواری خوارەوەی لیستەكەدا بریتین لە لیبریا، كە هیج فرۆكەیەكی جەنگی نییە ، دواتر مەدەغەشقەر خاوەنی دوو فرۆكەیە ، دواتریش كۆماری ئەفریقای ناوەراست، كە تەنیا خاوەنی ٣ فرۆكەی جەنگییە .
پێگەكە باسی لەوەش كردووە، بۆ پۆلێنەكە هەموو جۆرە فرۆكەیەكی جەنگی شەركەر و فرۆكەی ڕێگریكردن و هێلیكۆپتەری جەنگی و فرۆكەی گواستنەوەی سەربازی و فڕۆكەی راهێنانی پێشكەوتوو هەژمار كراوە.
راپۆرتەكەی پێگەی "گڵۆباڵ فایەر پاوەر" ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە ژمارەی فڕۆكەی جەنگی مانای زالێتی هێزی ئاسمانی دەوڵەتێك ناگەیەنێت، بەڵكو ئەوە پشت دەبەستێت بە راددەی نوێی و پێشكەوتوویی ئەو فرۆكانەی هەر وڵاتێك خاوەنییەتی ، جگە لە بوونی چەند پیوەریكی تریش .
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
