ژمارەی شۆكهێنەری.. مەترسی كێڵگەكانی مین لە جیهاندا

جیهان

14/09/2019‌ 375 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی راپۆرتێكی كەناڵی "غەد" لەسەر بڵاوبوونەوەی "كێڵگەكانی مین" لەسەرانسەری جیهان و مەترسییەكانی ئەو دیاردەیە، راپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات گەورەترین ئاڵنگاری بەردەم لابردنی مینەكان بریتییە لە خەرجییە زۆرەكەی، كە ئەمەش بارگرانییەكی گەورەی خستووەتە سەر شانی ئەو وڵاتانەی كێڵگەكانی مینیان تێدا بڵاوبووەتەوە.

بەپێی راپۆرتەكە ژمارەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە ٧٨%ی قوربانیانی رووداوەكانی مین لەسەرانسەری جیهان كەسانی مەدەنین، هەروەها ژمارەی ئەو مینانەی لەو كێڵگانە لەسەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەتەوە دەگاتە زیاتر لە ١١٠ ملیۆن مین ، كە ٤٠%ی ئەو مینانە لە وڵاتانی عەرەبیدایە .

راپۆرتەكەی كەناڵی غەد ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە بەرهەمهێنانی یەك مین ٣ بۆ ٣٠ دۆلاری تێدەچێت، لەكاتێكدا خەرجی هەڵگرتنەوەی دەگاتە نزیكەی ٣٠٠ دۆلاری ئەمەریكی.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، ژمارەی قوربانیانی مین لەساڵی ٢٠١٦ ٢١٠٠ كوژراو بووە، وڵاتی میسریش، كە نزیكەی ٢٣ ملیۆن مینی تێدایە بەشی هەرە زۆریان دەكەونە نیمچە دورگەی سیناوە بووەتە ئاستەنگێك لەبەردەم پرۆژەكانی پەرەپێدان لەو ناوچەیە.

هەرچی عێراقیشە ئەوە لەپاشماوەكانی جەنگی عێراق –ئێران زیاتر لە ٢٥ ملیۆن مینی تێدا بەجێماوە و بەشی هەرە زۆریان دەكەونە ناوچە سنوورییەكان لەگەڵ وڵاتی ئێران.

هەروەك ئاژانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هەڵگرتنەوەی مین  "UNMAS" رایگەیاندووە، كە تەنیا ئەو مین و ماددە تەقینەوانەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش چاندوویەتی پێویستی بە ١٠ ساڵ كاركردن هەیە بۆ هەڵگرتنەوەیان و نزیكەی ٢١٦ ملیۆن دۆلاریش خەرجی دەوێت.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی