باجی كردە سەربازییەكەی توركیا لەسوریا ئابڕووچوونی نێودەوڵەتییە

جیهان

02/11/2019‌ 6482 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێرشە سەربازییەكەی توركیا بۆ سەر باكووری رۆژهەڵاتی سوریا، ئەو دەنگدانەوە جەماوەرییە بەرفراوانەی نەدەبوو، ئەگەر ئامانجەكەی چارەسەركردنی گرفتێكی توركیا بوایە،‌ نەك شتێكی دیكە.

سەرباری ئەوەش، كاردانەوە نێودەوڵەتییەكانی كردەی سەربازی "كانی ئاشتی" هەروەك ئەنقەرە ناوی لێناوە، بەرپرسە توركەكانی شۆك كردووە، ئەوان پێشبینی ڕەتكردنەوەی كردە سەربازییەكەیان دەكرد، بەڵام ئەو شەرمەزاركردنە ڕووبەڕووی توركیا بوونەوە،‌ شتێكی تازە بوون.

سیاسییە بیانییەكان داوای سەپاندنی سزایان كرد بەسەر ئەنقەرەدا، ئەو بەرپرسانە هەموو قورسایی پۆستەكانی خۆیان لەدەرەوە خستە خزمەت دوژمنەكانی توركیاوە، میدیا بیانییەكانیش نیمچە كۆدەنگ بوون لەشەرمەزاركردنی داگیركارییەكەی توركیا.

عومەر ئۆزكیسیلجیك، كە لەدامەزراوەی توێژینەوە سیاسییە ئابوورییە كۆمەڵایەتییەكان (سیتا) كار دەكات و نزیكیشە لەحكومەتی توركیاوە، دەڵێت: دەبوو كردەی سەربازی "كانی ئاشتی" لە چەند بەرەیەكی جۆراوجۆرەوە مامەڵەی لەگەڵ میدیا جیهانییەكان كردبایە، لەولاشەوە پارتی كرێكارانی كوردستان و لایەنگرەكانی و هەوادار و هاوسۆزانی لەڕۆژئاوا، تۆڕێكی گەورەی كاریگەریان دروستكرد بۆ جوڵاندنی ڕای گشتی... ئاواتەخوازیش بووم بەشێك لەو كاریگەریەم بینیبایە كاتێك ڕژێمەكەی ئەسەد كوشتاری ڕاستەقینەی لە سوریا ئەنجامدا.
 
هەموو ئەمانەش بۆ توركیا چاوەڕوان نەكراو بوو، كردەی كانی ئاشتی، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، زەرەرێكی گەوەرەی بەئابڕوومەندی توركیا گەیاند، بە ڕادەیەك واچاوەڕوان دەكرێت شوێنكاری ئەو بەهرەمەندییە گەورەیە بسڕێتەوە، كە ئەنقەرە مامەڵەی پێ لەگەڵ تەنگژەی خاشقچی كرد، كاتێك لەباڵوێزخانەی سعودییە لە ئەستەمبوڵ كوژرا.

ئۆزكیسیلجیك هەروەها وتی: تاكە جیاوازی  سەرەكی بابەتی خاشقچی ئەو ڕێبازە بوو، كە میدیاكان گرتیانەبەر بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو زانیارییانەی لە توركیاوە دەهاتن، "ئێمە لەو كاتەدا متمانەمان بە سەرچاوە توركییەكان هەبوو، كەچی ئێستا زۆرینەی هەرەزۆری خەڵكی، هەر شتێك لە توركیاوە سەرچاوەی گرتبێت، وا تەماشای دەكەن، كە ناڕاستە".

بەگشتیش لە ڕۆژئاوا  و بە تایبەتیش لە زەینی ئەمریكی ئەوروپییەكاندا - وا تەماشای یەكینەكانی پاراستنی گەل دەكەن كە ستەملێكراوی ئازا و دلێرن – و بوونەتە‌ قوربانی كردەیی كێوییانه ‌و لە‌ هەموو لایەكیشەوە دەورەدراون.

ئەمەش لەوساوە دروست بوو، كە لە ساڵی 2014 لە عێراق جەنگی دژ بە ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دەستیپێكرد، لەو جەنگەشدا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كوردەكانی باكووری عێراق و باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریایی وەك هێزێكی ووشكانی دژ بە داعش بەكارهێنا.

زۆرینەی ئەو چەكدارانەی چوونە ڕیزەكانی داعشەوە،‌ لە ڕێگەی توركیاوە بوو، لەبەرئەوەش ئەنقەرە فیشەكێكی بەداعشەوە نەنا كاتێك یەكینەكانی پاراستنی گەل لە باكووری سوریا لە دژیان دەجەنگان، بۆیە ئەنقەرە لەو تۆمەتە پارێزاو نەبوو، كە پشتیوانی لە داعش دەكات، بەڵكو لەوانەیە خودی خۆی ئەو ڕێكخراوەی دامەزراندبێت، بۆیە ئارەزووی شكستپێهێنای نەدەكرد.

شكستپێهێنانی یەكینەكانی پاراستنی گەل بۆ توركیا هەمیشە كاری لەپێشینە بوو، سەرباری ئەرێنی ڕای گشتی جیهانیش لەهەمبەر یەكینەكان، كەچی  توركیا وەك‌ بەشێك لەداعش لە یەكینەكانی دەڕوانی. 

سەرەڕای ناڕەزاییەكانی ئەوروپا و ئەمریكا، كەچی ئەنقەرە بەردەوام بوو لەڕێبازەكەی، ئێستا ئەو ڕەخنانە دژ بە توركیا گەورەتر و توندتر بوون و زۆرینەشیان لە میدیای ئەمریكا و ئەوروپاوە سەرچاوە دەگرن.

"كایل ئۆرتۆن"ی شڕۆڤەكاری پسپۆڕی كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: لەم دوو هەفتەی پێشوودا، چەند ڕۆژنامەنووسێكی دامەزراوە قورس و سەنگینەكان، بێوردبوونەوە، هەموو جۆرە هەڵوێستەكانی پارتی كرێكارانی كوردستانی بڵاودەكردنەوە، یەكەم دژ بەتوركیاو كردەی سەربازی كانی ئاشتی، ئینجا دژی سەبارەت بە هێزەكانی سوریای دیموكرات كە پشكدار بوو لە كوشتنی خەلیفەكەی داعش"‌، ئەمەش وەك ئاماژەیەك كە یەكینەكان سەر بە ئەمریكان.

وتیشی: توانستی پارتی كرێكارانی كرودستان لە خستەنەگەرێ ئەجێندای خۆی لە میدیا ڕۆژئاوا زۆر دانسقەیە.

ئەو‌ سەربازە ئەمریكییانەی داخ و پەژاردەی خۆیان دەربڕی بە كشانەوەی هێزەكانی ووڵاتەكەیان لە باكوری سوریا، بوونە جێگەی ڕوماڵێكی فراوانی میدیای ئەمریكا، لەمەشەوە ئەنجومەنی نوێنەر‌انی ئەمریكا پڕۆژە بڕیارێكی بۆ سەپاندنی سزاكان بەسەر توركیادا پەسەند كرد.

ئۆزكیسیلجیك ئەوەشی وت: توركیا چاوەڕێی كاردانەوەیەكی توندو ڕەقی دەكرد، بەڵام بەو ئەندازەیە نا كە بینیمان. توركیا پێی وا نەبوو ئەوانەی چاویان لە كوژرانی نیو ملیۆن سوری پۆشی، شێت و هاردەبن و لەسەر باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دێنەدەنگ.

ئێستا ڕاوبۆچوونەكان لە ئەوروپا، سەبارەت بە توركیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان زۆر نەرێنین، ئەوروپییەكان پێیان وایە توركیا پشتیواین لەداعش كردووە و ئەو ڕێكخراوە تیرۆرستییەش هێشتا خاوەن بنكەی جەماوەری فراوانە لە توركیادا، دوا ڕەفتارەكانی توركیاش لەم پرسەدا، بە تایبەتی لەم مانگەی دوایی، هەستی دژە ئەنقەرەی لا خەڵكی بەهێز كردووە و ئاكام و بەرئەنجامی كارەساتباریشی لێدەكەونەوە.

ئۆزكیسیلجیك باسی لەوەش كرد، پرسی باكووری سوریا بۆ توركیا ئێجگار گرنگە، چونكە هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی توركیا و یەكپارچەیی خاكەكەی دەكات، بۆیە هیچ سزایەك ناتوانێت ئەنقەرە دەمكوت و جڵەوگیر بكات.

هەموو ئەو وێناكردنانە - بەو  هێدمە (صدمە) و توڕەیییەشەوە، كە سیاسییەكان و ڕای گشتی لە یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكا دەریانبڕێت، لەوانەیە تەنیا تۆپە بەفرینەیەك بن، ئەو توڕەیی و ناڕەزاییە نێودەوڵەتیەش، لەوانەیە توركیا لە سۆزداری و پشتیوانی بێبەش بكات كە ئێستا كەوتۆتە زەلكاوی سوریاوە، لە ئایندەشدا توركیا هەوڵی كۆششی خۆی دەكات بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ڕوسیا و سوریا، ئەمەش بە مەبەستی گەیشتن بە مەرامەكانی لە باكوری سوریا كە دژایەتیكردنی یەكینەكانی پاراستنی گەلی كوردیە لەو وڵاتە.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر