سەرەڕای هەموارە دەستوورییەكان پۆتین بیرۆكەی "سەرۆكی تاهەتایی" رەتدەكاتەوە

جیهان

21/01/2020‌ 777 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرەڕای ئەو هەموارە فراوانەی لەمدواییەدا بەسەر دەستووری رووسیادا هێنراوە، بەڵام ڤلادیمێر پۆتینی سەركی روسیا بیرۆكەی مانەوەی وەك سەرۆكی روسیا بەدرێژایی ژیانی رەتكردووەتەوە .

لەیادی ٧٧ ساڵەی هەڵگرتنی گەمارۆی سەر لینینگراد لەكاتی دووەم جەنگی جیهانی و لەبەرانبەر جەنگاوەرە دێرینەكانی سۆڤێت، ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی روسیا وتی: ئەو نایەوێت وڵاتەكەی بگڕێتەوە بۆ مۆدێلی حوكمڕانی سەردەمی سۆڤێتی كاتێك دەسەڵاتداران تا كۆتایی ژیانیان لەسەر حوكم دەمانەوە بێئەوەی بیر لەستراتیژێكی جێگرتنەوەی گونجاو بكەنەوە .

ئەو قسانەی سەرۆكی روسیا دوای ئەوە دێت، كە ئاشكرایكرد گۆرانكاری گەورە بەسەر سیستەمی سیاسی روسیادا هاتووەو بووە هۆی دەستلەكاركێشانەوەی دیمیتری مێدڤیدیڤی سەرۆك وەزیران و دانانی میخائیل میشوستین لەجێگاكەی .

هەندێك كەس وا سەیری ئەو هەموارە دەستووریانە دەكەن  پۆتین بەسەر سیستەمی سیاسی روسیایدا هێناوە ئامانج لێی دروستكردنی ناوەندی تری دەسەڵاتە لەدەرەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی، تا پۆتین بتوانێت دوای كۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی لەساڵی ٢٠٢٤ دەستی هەر لە دەسەڵات گیرببێت .

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، رەخنەگرانی روسیا  ڤلادیمێر پۆتین بەوە تۆمەتبار دەكەن، كە پلان دادەنێت بۆ ئەوەی لەدوای كۆتایهاتنی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی بەجۆرێك لە جۆرەكان لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە .

ڤلادیمێر پۆتین ، ئەفسەری پێشووی هەواڵگری "كەی بی جی " سۆڤێت بوو، نزیكەی ٢٠ ساڵە چی وەك سەرۆكی روسیا، چی وەك سەرۆكی حكوومەت دەستی بەسەر ژیانی سیاسی روسیادا گرتووە .

لەوەڵامی پرسیاری یەكێك لە جەنگاوەرە دێرینەكانی سۆڤێت، كە ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە كۆتوبەندەكانی سەر ماوەی سەرۆكایەتی لاببرێن وتی: سەبارەت بە ماوەی سەرۆكایەتییەكان بۆ مانەوە لەدەسەڵاتدا تێدەگەم، كە نیگەرانییەكە پەیوەستە بەوەی كۆمەڵێك كەس دڵەڕاوكێی سەقامگیری ناوخۆیی و دەرەكین.

وتیشی: بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە بگەڕێینەوە بۆ ئەو دۆخەی لەناوەراستی هەشتاكان تێیدا بووین كاتێك سەرۆكی دەوڵەت تا كۆتایی ژیانیان لە پۆستەكانیان دەمانەوە و دواتریش بێ بوونی هیچ مەرجێكی پێویستی گواستنەوەی دەسەڵات بەجێیان دەهێشت، بۆیە پێویست نییە بۆ ئەو دۆخە بگەڕێینەوە.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵلا ئاڵی