هاوپەیمانی نەسر هۆشداری دەداتە عەلاوی بەوەی وەزارەتی دارایی نەداتەوە بە پارتی

کوردستان

09/02/2020‌ 1410 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
نەدا شاكر جەودەت پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر هۆشداری دەداتە محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیری راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی گوێزەرەوە بەوەی ئەزموونی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیری دەستلەكاركێشاوە دووبارەنەكاتەوەو پۆستی وەزارەتی دارایی بداتەوە بە پارتی دیموكراتی كوردستان.

جەودەت لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: عەلاوی دەبێت ئاگاداری ئەو هەڵە و كەموكووڕی و سەرپێچیانە بێت، كە لە حكومەتی رابردوودا روویانداوە بۆ ئەوەی بتوانێت لە كابینەكەی خۆیدا چارەسەریان بكات.

وتیشی: دووبارەكردنەوەی  هەڵە و سەرپێچییە یاسایی و دەستوورییەكان وامان لێدەكات دژ بە عەلاوی و حكوومەتەكەی بواستینەوە .

پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی نەسر ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە كورد بەشێكن لە گەلی عێراق، بۆیە دەبێت دابەشكردنی داهات لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی عێراق لەسەر بنەمایەكی دادپەروەرانە بێت و نابێت پێكهاتەیەك زێدەمافی بەسەر ئەوانی ترەوە هەبێت وەك ئەوەی لەحكومەتەكەی عەبدولمەهدی روویداوە.

ئەو باسی لەوەش كردووە، كە بەدیهێنانی دادپەروەری كۆمەڵایەتی كلیلی سەقامگیری عێراقە، بۆیە بەردەوامبوونی ئەو سەرپێچیانەی وەزیری دارایی لەمامەڵەكردنی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەیكرد نارەزایەتی شەقامی عێراقی لێدەكەوێتەوە و ناسەقامگیرییەكان هەر بەردەوام دەبن .

دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لەپۆستی سەرۆكی حكومەت، شەممەی رابردووتر، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ پێكهێنانی حكومەتی راگوزەر راسپارد .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی