پارتی هەڵوێستی لەسەر دیاریكردنی وەزیرەكان لەحكومەتی عێراق راگەیاند

کوردستان

16/02/2020‌ 1747 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە هەرێمی كوردستان پارێزگایەك نییە لەعێراق، تا محەمەد عەلاوی بێڕاوێژ لەگەڵ سەركردایەتی حیزبەكان، وەزیر لەنێو هەرێمدا بۆ وەزارەتەكان دەست نیشان بكات.

لەگفتووگۆیەكی لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا خەسرەو گۆران ئەندامی سەركردایەتی پارتی، دەڵێت: كەسی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت، دەبێت ڕاوێژ لەگەڵ سەركردایەتی حیزبەكان بكات.

دەشڵێت: كورد شەریكە لە عێراقدا، بۆیە دەبێت شەراكەت و هاوسەنگی بپارێزرێت، ناكرێت كەسێك لە هەرێمەوە ببرێت و بكرێتە وەزیر، بڵێن: ئەمە شەریكایەتییە، خۆ تەها جەزراوی لەحكومەتی بەعسدا وەزیر بوو، بەڵام چی بۆ كورد كرد؟

سەبارەت بەهەڵوێستی حیزبە كوردییەكان، لەحاڵەتی دانەنانی كاندیدی حیزبە كوردییەكان لە وەزارەتەكاندا، خەسرەو گۆران وتی: ئێمە زیاتر لە 60 پەرلەمانتارمان هەیە، ئەوكات هەڵوێستمان دەبێت.

هەفتەی رابردوو، مەسعود بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك لەپارێزگاكانی عێراق دا كۆبوویەوە، سەبارەت بە هۆكاری كۆبوونەوەكە و رێكخەرەكەی، سەركردەكەی پارتی وتی: نێوان بارزانی و پارێزگارەكانی عێراق بەشیعە و سونەوە خۆشە، ئێمە كێشەمان لەگەڵ خەڵكی عێراق نییە، بەڵكو كێشەمان لەگەڵ حكومەتەكاندا هەیە، كە دەستوریان جێبەجی نەكردووە.

وتیشی: كێ رێكخەری كۆبوونەوەكە بووە؟ دیارە خۆیان كۆبوونەوەكەیان پێخۆش بووە، بارەگای بارزانیش دەیان ڕاوێژكاری شارەزایان هەیە."

كۆبوونەوەی بارزانی و پارێزگارەكانی عێراق، لەكاتێكدایە بەپێی زانیاریەكان، وڵاتانی هەرێمی و هەندێك لایەنی شیعی، پارتی بە جوڵێنەری پرسی هەرێمی سونەكان تۆمەتبار دەكەن. 

لەو بارەیەوە خەسرەو گۆران جەختیكردەوە، ئێمە ناتوانین لەبری سونەكان بڕیار بدەین، ئەوان خۆیان ئازادن چۆن بڕیار دەدەن، گەر داوای هەرێم بكەن، پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە و دەستور ئەو مافەی پێداون."

روونیشیكردەوە جموجۆڵی سونەكان لەدەرەوەی عێراق بووە نەك لەهەولێر، جموجۆڵەكانیشیان بە ئاگاداری ئەمەریكا و وڵاتانی عەرەبی بووە، ئەگینا بوونیان لەهەولێر و سلێمانی هۆكارەكەی ئاوارەبوونیانە.

هەروەها وتی: ئیمارات و سعودییە ناكۆكیان لەگەڵ ئێران هەیە، پێیانخۆشە سونەكانی عێراق ڕۆڵیان هەبێت.

خەسرەو گۆران ئەندامی سەركردایەتی پارتی، باسی لە هەوڵی لایەنە شیعییەكان بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق كرد، وتی: پەیوەندی هەرێم لەگەڵ ئەمەریكاو وڵاتانی هاوپەیمان بەهێزە، كورد لەگەڵ بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراقدا نەبوو بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا.

هـ ـ ح