شارپرێس:
ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، ئەو مانۆڕە سەربازییانەی ڕێکخراوی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسیی (ناتۆ) لەماوەی چوار مانگدا لەنزیک سنورەکانی ڕوسیا بەڕێوەی دەبەن، بەڵگەن لەسەرئەوەی هاوپەیمانیەکە خۆی بۆ ئەگەری ململانێ لەگەڵیدا ئامادەدەکات.
زاخارۆڤا لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە، ناتۆ بەشێوازی جۆراوجۆر شەڕ دژی ڕوسیا بەڕێوەدەبات بەپشتیوانیکردنی ئۆکرانیا بەچەکو زانیاریى هەواڵگرییو دارایی.
ئاماژەی بەوەشکردوە، گەورەترین مەشقی ناتۆ لەدوای جەنگی ساردەوە لەئێستادا لەنزیک سنورەکانی ڕوسیا بەڕێوەدەچێت، باسی لەوەشکردوە، کە بەگوێرەی سیناریۆی ئەوان، چالاکییەکانی هاوپەیمانێتییەکە دژی ڕوسیا بەسود وەرگرتن لەهەموو ئامرازەکان بەڕێوەدەچێت، لەوانە چەکی کلاسیکیو هایبێرد.
ئاماژەی بەوەشکردوە، پێویستە دان بەوەدا بنێین کە ناتۆ بەجدی خۆی بۆ ئەگەری ململانێ لەگەڵئەوان ئامادە دەکات.
ناتۆ کاتێک لەمانگی یەکدا دەستپێکردنی مانۆڕە سەربازییەکانی ڕاگەیاند، ئاشکرایکرد کە 90 هەزارسەرباز بەشداریی مەشقو ڕاهێنانەکان دەکەن کە چۆن هێزەکانی ئەمریکا پشتیوانی هاوپەیمانە ئەوروپییەکان دەکەن لەوڵاتانی هاوسنوری ڕوسیاو لەدیوی ڕۆژهەڵاتی هاوپەیمانییەکە ئەگەرململانێیەک سەرهەڵبدات.
ڕوسیاش لەوکاتەدا ڕایگەیاندبوو ئەو مانۆڕانە گوزارشتە لەگەڕانەوەی بێ پێچو پەنای هاوپەیمانییەکە بۆ پلانەکانی جەنگی سارد، چاودیڕانیش دەڵێن، ئەم مانۆڕە کە گەورەترین مانۆڕی ناتۆیە لەدوای جەنگی ساردەوە، بڕیارە لەمانگی ئایاردا کۆتایی پێبێت.