ئەمڕۆ ساڵڕۆژی زمانی كوردییە

ڕاپۆرت

15/05/2024‌ 468 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس: كەنداڵ جودی

 لە ڕۆژاڤای كوردستان پەیمانگای زمانی كوردی لە دوای ڕژێمی بەعسەوە یەكەم دەزگای فێركردنی زمانی كوردی بوو لە دوای شۆڕش دەستی بەكاركردووە، جگە لە چالاكییە پەروەردەییەكانی، بەشی لێكۆڵینەوەی ئەكادیمی زمانی كوردیشی كردووەتەوە و  زۆر كتێبیشی چاپ كردووە.

ئەمڕۆ ١٥ی ئایار ڕۆژی زمانی كوردییە كە بەشێوەیەكی گەورە لە لایەن گەلی كورد لە ڕۆژاڤای كوردستان یادیدەكرێتەوە. لە ساڵی ٢٠١٢ وە لەگەڵ دەستپێكردنی شۆڕش لە شاری كۆبانێ، كورد دەستیان كردووە بە پەروەردەكردن و فێركردنی زمانی كوردی.

 لەسەرەتادا زمانی كوردی بە گروپ دەگوترایەوە، بەڵام ئێستا لە پۆلی یەكەمەوە تا دەگاتە زانكۆكانی ڕۆژئاوای كوردستان، هەموو فێركردن بە زمانی كوردییە.

ئەمڕۆ رۆژی زمانی كوردییە، لە 15ی ئایاری ساڵی 1932 لە دیمەشقی پایتەختی سوریا، میر جەلادەت بەدرخان بۆ یەكەمجار گۆڤاری هاواری چاپ و بڵاو كردەوە. بۆیە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە) لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە ڕۆژی ١٥ی ئایاری وەك ڕۆژی زمانی كوردی ناساندووە. هەر بۆیە ئەم ڕۆژە بە تایبەتی لە ڕۆژاڤا و باكووری كوردستان وەك ڕۆژی زمانی كوردی بەڕێوە دەچێت.

لە ڕۆژاڤای كوردستان، هەرچەندە كورد قوتابخانە و زانكۆكانی بە زمانی كوردی كردووەتەوە و قوتابی و منداڵەكانیش بە زمانی دایكی خۆیان پەروەردە دەكرێن، بەڵام كورد هەستی بە پێویستی كرد بە كاری ئەكادیمی پەیوەست بە زمانی كوردی. 

هەر لەبەر ئەم هۆكارە، ئەمڕۆ لە ڕۆژاڤای كوردستان، پەیمانگای زمانی كوردی (س.ز.ك) ئەو بەرپرسیارێتییەی لە ئەستۆ گرتووە و هەنگاوی گەورەی لە پەرەپێدانی زمانی كوردی لە ڕۆژاڤای كوردستاندا ناوە.

SZK چییە و كەی كرایەوە؟
پەیمانگای زمانی كوردی (SZK) دامەزراوەیەكی نیشتمانی توێژینەوەی ئەكادیمی و زانستی و پەروەردەییە لە بواری زمان  و ئەدەب و زاراوە و بابەتە پەیوەندیدارەكاندا كاردەكات. لە بابەتی زیندووكردنەوە و مۆدێرنكردن و پەرەپێدان و چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان لە زمانی كوردی و ڕێنووسی زمانی كوردی لە ڕۆژاڤای كوردستان.

 لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٢ هەوڵیدا بە شێوەیەكی نهێنی كۆمەڵگا فێری خوێندنەوە و نووسینی كرمانجی بكات و لەو چوارچێوەیەشدا بە شێوەیەكی نهێنی زمانی كوردی فێری زۆر كەس كرد.

لە ساڵی ٢٠١٢ و دوای دەستپێكردنی شۆڕش، زمانی كوردی بە شێوەیەكی فەرمی كرا. لە ساڵی 2012 تا 2014 زیاتر مامۆستای كوردی دامەزراند كە دەچوونە قوتابخانە كوردییەكان. 

دوای دامەزراندنی ئیدارەی خۆسەر لە ساڵی 2014، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە فەرمی پشتیوانی لە SZK كرد و SZK ی وەك بەشی  زمانی كوردی ڕاگەیاند.

لە ساڵی ٢٠١٩ بەشی توێژینەوەی  SZK كرایەوە
لە ڕۆژئاوای كوردستان زمانی كوردی لە ڕووی پراكتیكەوە فراوانتر كرا و ئێستا ئەكادیمیا، زانكۆ، كۆنفرانس، پەیمانگا، بەشی ڕۆشنبیری و فۆلكلۆر و دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوە كرانەوە. هەر بەشێك بە پێی زانیاری خۆیان زمانی كوردی بەكار هێنا. لەگەڵ ئەمەشدا كێشەی ستانداردكردن لە ڕۆژئاوای كوردستانیش سەریهەڵدا. هەربۆیە لە ساڵی ٢٠١٩دا  SZK ناوەندی توێژینەوەی خۆی لە شاری قامیشلۆ كردەوە و دەستی كرد بە كاركردن لەسەر ستانداردكردن.

٩ كتێبی ئەكادیمی دەربارەی زمانی كوردی
سەبارەت بەو چالاكییە ئەكادیمیانەی كە لە ساڵی 2019 وە تا ئێستا كراون، هاوسەرۆكی SZK گۆران موراد بۆ شارپرێس دەڵێت: "تا ئێستا  9 كتێبیان چاپكردووە لە چەند بوارێكدا".
دەشڵێت "هەوڵدەدەین ئەو كەموكوڕیانەی هەن بە تەواوی چارەسەر بكەین لە بواری ئەكادیمیدا پێویستی بە سەرچاوە هەیە لە زمانی كوردیدا، هەروەها ستافی تایبەتمەند".

گۆران موراد گوتیشی "جگە لە فێركردنی كرمانجی و چالاكییە ئەكادیمییەكانی پەیوەست بە زمانی كوردی، لە ناوەندی گشتیی خۆی لە شاری قامیشلۆ پەیمانگاكە دەستی بە وانە گوتنەوە بە شێوەزاری كوردی (زازاكی) كردووە. لەو چوارچێوەیەدا تا ئێستا بە سەدان كەس فێری خوێندنەوە و نووسینی فێركاریی شێوەزاری كرمانجی (زازاكی) بوون. لە هەمان كاتدا خوێندكارانی زازاكی كە دەرچووی (SZK) بوون، ئێستا لە زانكۆی ڕۆژاڤا وانە بە زمانی كوردی دەڵێنەوە.

بەپەلە