شارپرێس:
سوپای ئیسرائیل تەقینەوەیەکی ئێجگجار بەهێزو
بێ پێشینەی لەناوچە ستراتیژییەکانی باشوری لوبنان ئەنجامداو ڕایگەیاند، توانیویەتی
تەواوی ژێرخانی سەربازییو زنجیرە تونێلەکانی حزبوڵڵا لەبەرزاییەکانی (عەلی تاهیر)
وێرانبکات، بهگوێرهى بەیاننامەیەکی هاوبەشی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانو ئیسرائیل
کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئەم ئۆپەراسیۆنە گەورەیە بهگوێرهى ڕێنماییە ڕاستەوخۆکانی
ئەوان جێبەجێکراوەو بەمەش ڕێکخستنی کەرتی ئەمنی لەباشوری لوبنان کۆتاییهاتوە.
ئەم تەقینەوە گەورەیە دوای چەندین هەفتە لەکارو
چالاکیی سەربازیی چڕی سوپای ئیسرائیل دێت لەو ناوچەیەدا کە تێیدا سەرجەم ڕێڕەوو ژێرخانە
ژێرزەمینییەکانی حزبوڵڵا کە درێژییەکەیان زیاتر لەدوو کیلۆمەتر بوە، بەتەواوی تەقێنرانەوە.
بهگوێرهى ڕاپۆرتەکانی کەناڵی 12ی ئیسرائیلی،
بۆ ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە توندە، زیاتر لە1100 تۆن کەرەستەی تەقەمەنی بەکارهێنراوە،
ئەمەش وایکردوە کە تەقینەوەکە وەک بەهێزترینو توندترین تەقینەوە لەمێژوی شەڕی
باشوری لوبناندا تۆماربکرێت.
وهكو سهرچاوه سهربازیهكان باسیانكردوه،
تەقینەوەکە هێندە بەهێزبوه، لەرینەوەی توندو دەنگێکی سامناکی لێکەوتەوە کە لەسەرتاسەری
ناوچەی (نەبتیە) بیستراوهو دەنگەکەی گەیشتە شارەکانی سورو سێدا کە دەیان کیلۆمەتر
لەشوێنی ڕوداوەکەوە دورن.
لەم چوارچێوەیەدا، سەنتەری جیۆفیزیک سەر بەئەنجومەنی
نیشتمانی بۆ توێژینەوە زانستییەکان ڕایگەیاند، سەرجەم وێستگەکانیان شەپۆلی زەمینیی
توندیان تۆمارکردوە، بەشێوازێک کە هاوشێوەی بومەلەرزەیەک بوە بەگوڕی 4.2 پلە بهگوێرهى
پێوەری ڕێختەر؛ ئەمەش بەرزترە لەو تەقینەوەیەی کە پێش مانگو نیوێک لەتونێلەکانی قەڵای
شەقێف ئەنجامدراو گوڕەکەی 3.8 پلە بوو.
چاودێرانی مەیدانی ئاماژە بەوەدەکەن، ئەم تەقینەوەیە
تەنها نەبوە، بەڵکو زنجیرە تەقینەوەی هاوشێوە لەناوچەکانی مەنسوری، مەیسولجەبەل، بەنی
حەیانو ڕۆژهەڵاتی خەیام تۆمارکراون، ئەمەش هاوکاتی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی چڕی
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بوو بۆسەر چەندین شارۆچکەو گوندی لوبنانی کە دیارترینیان
نەبتیەی سەروو مەنسوری بون.
وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لهوبارهیهوه
هاتوهتهدهنگو لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی سکای نیوز عەرەبی وتویهتى،
"خولی داھاتوی گفتوگۆکانی ڕۆما ھاوتایە لەگەڵ ئەو ڕێکخستنانەی کە پێش چەند هەفتەیەک
داڕێژراون، لەگەڵ بەردەوامبوونی ڕاوێژکارییەکان لەبهیروت، قودسو واشنتۆن لەم ماوەیەدا".
ئاماژەی بەوەشکردوه، واشنتۆن لهنزیكهوه
چاودێری ئەو داواکارییانە دەکات کە لەباشوری لوبنانەوە بەرزدەکرێنەوە، کە تێیدا
دانیشتوان داوا لەحکومەتەکەیان دەکەن سەروەریی خۆی بسەپێنێتو ڕێگریی لەحزبوڵڵا
بکات لەتەقاندنو کۆگاگردنی چەک لەناو ناوچەکانیاندا"، ستایشی ئەو داواکارییانەی
کردو جەختی لەپشتیوانیی ئهمریكا بۆ ئامادەیی حکومەتی لوبنان بۆ وەڵامدانەوەی
داواکارییەکانیان کردەوە.
ئەو وتەبێژە ئەمریکییە پێیوابوو، "چەکەکانی
حزبوڵڵا جگە لەنەھامەتیو وێرانکاریی هیچی دیكهیان بۆ لوبنان نەهێناوە"و ئهوهشى
وت، "حزبەکە هێشتا وەک ڕێگر لەبەردەم ئاشتیدا ماوەتەوە، داواش لەحکومەتی
لوبنان دهكهین کە پلانێک دابنێت بۆ داماڵینی چەک لەتەواوی خاکەکەی، بەو شێوازەی
کە لەچوارچێوەی سێقۆڵیدا هاتوە".
ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا هاوکات بوو لەگەڵ ڕاگەیاندنی
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەڕۆژی پێنجشەممەدا، کە ڕایگەیاند،
سوپای ئیسرائیل ژێرخانێکی ژێرزەویی حزبوڵڵا لەبەرزایی عەلی تاھیر لەباشوری لوبنان
وێران دەکات، لەکاتێکدا وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، سەرجەم ئەو چەکدارانەی
لەدامەزراوەی عەلی تاھیردا مابونەوە یان لێی هەڵاتبون یان کوژراون.
