کەشناسێک مژدەی پایزێکی تێر باران‌و هۆشداریی لافاوێکی گەورە دەدات

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2510 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شەپۆلەکانی گەرمای توندی هاوین لەعێراق‌و هەرێمی کوردستان بەفەرمی کۆتاییانهات، ئەمەش دوای کشانەوەی نزمەپەستانی وەرزیی زەریای هیندی کە هۆکاری سەرەکیی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما بوو، شارەزایه‌كى بواری کەشناسیش مژدەی پایزێکی پێشوەختەو پڕ دابارین بەهاوڵاتییان دەدات‌و ده‌ڵێت، "بەڵام لەهەمانکاتدا هۆشداریش ده‌ده‌ین لەئەگەری دروستبونی لافاوی بەخوڕ".


شاڵاو هیدایەت شارەزای بواری کەشناسی ڕایگه‌یاند، "لەڕۆژانی داهاتودا بەهۆی کاریگەریی شێی دەریای ناوەڕاستەوە، هەورەبروسکەو تاوەبارانی کورتخایەن بەتایبەت لەناوچە شاخاوییەکاندا دروستدەبن، هەرچەندە لەئێستادا پلەکانی گەرما تا ڕادەیەک جێگیرن، بەڵام چاوەڕواندەکرێت لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا بەهۆی هاتنی بەرزەپەستانێک لەچینەکانی سەرەوەی هەوادا، پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی کاتی (1 بۆ 2) پلە بەرزببنەوەو دواتر دوبارە ڕوو لەدابەزین بکەنەوە".

وه‌كو كه‌شناسه‌ كورده‌كه‌ ده‌ڵێت، "نەخشە کەشناسییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، لەنێوان 15 بۆ 20ی مانگدا، نزمەپەستانێکی دەریای ناوەڕاست کاریگەریی لەسەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دادەنێت‌و لوتکەی گۆڕانکارییەکان لەکۆتایی مانگدا دەبێت، کاتێک بارستەهەوایەکی ساردی جەمسەری ڕوو لەناوچەکە دەکات‌و دەبێتە هۆی فراوانبونی ڕێژەی تاوەباران‌و چالاکبونی توندی هەورەبروسکە".

شاڵاو هیدایەت دەربارەی مانگی داهاتوو ڕایگەیاند، "بۆ مانگی 10 پایزێکی پێشوەختەو پڕ دابارین چاوەڕواندەکرێت کە تێیدا پەڵە لەزۆرینەی ناوچەکان دەدات، دڵنیاییش دەدەین کە هیچ مەترسییەک بۆ وشکەساڵی نییە، بەڵام لەبەرامبەردا پێشبینیی دروستبونی لافاوی گەورە لەعێراق، هەرێمی کوردستان‌و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت".

بەپەلە