شارپرێس:
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، گەلی ئەمریکا شایەنی شتێکی باشترنو نابێت باجی جەنگەکانی ئیسرائیل بدەن.
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ هەینی لەسەر دانپێدانانەکەی هۆنگ کاو بریکاری وەزارەتی هێزی دەریایی ئەمریکا، لێدوانیداو وتی، "نابێت گەلی ئەمریکا باجی جەنگەکانی ئیسرائیل بدات، گەلی ئەمریکا شایەنی شتێکی زۆر باشترن لەوەی تێچوی جەنگەکانی ئیسرائیل لەئەستۆ بگرن".
عێراقچی زانیاریی زیاتری خستەڕوو وتی، "هێزە چەکدارە بەهێزەکانمان پێشتر بارەگای فەرماندەیی فەلوتەی پێنجەمی ئەمریکایان لەبەحرەین بەتەواوی وێرانکردوە، جیا لەوەش چەندین بنکەی دیکەیان تێکشکاندوە کە پاڵپشتیی دەستدرێژییەکانیان دەکرد".
ئەم لێدوانە دوای ئەوەهات، بریکاری وەزارەتی هێزی دەریایی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، ئێران بەشێوازێکی زۆر بەربڵاو زیانی بەدامەزراوە دەریاییەکانی بنکەی ئەمریکا لەبەحرەین گەیاندوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردبوو، هێرشەکانی ئێران زیانی گەورەیان بەو دامەزراوانە گەیاندوەو کاریگەرییەکانیان درێژبوەتەوە بۆسەر ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی ئەمریکا، لەوانەش ئۆپەراسیۆنەکانی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن" کە بۆ ماوەیەکی درێژ لەناوچەکەدا مایەوەو نەیتوانیی بگەڕێتەوە بۆ بنکەکەی خۆی.
پێشتریش جۆن کۆردێل نەقیبی خانەنشینکراوی هێزی دەریایی ئەمریکا پشتڕاستیکردبوەوە، بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، ئەو زیانانەی بەر فەرماندەیی ئەمریکا لەبەحرەین کەوتون نزیکەی 400 ملیۆن دۆلار دەبن.
ناوبراو ڕونیشیکردەوە، ئەو باڵەخانانەی زیانیان بەرکەوتوە بریتین لە(بارەگای فەرماندەیی فەلوتەی پێنجەم، سەربازگەیەکی سەربازیی، چەندین کۆگا، تاوەرەکانی پەیوەندییو وێستگەیەکی ئاوی خواردنەوە).
