شارپرێس:
حوسییەكانی یەمەن ڕۆژی پێنجشەممە كۆنترۆڵی شاری ستراتیژی مەخایان لەسەر دەریای سور ڕاگەیاند. ئەم پێشهاتە لەكاتێكدایە كە هەڵمەتێكی سەربازی بە خێرایی لە كەناراوەكانی ڕۆژئاوای یەمەن پەرەدەسێنێت لەگەڵ نزیكبوونەوەی شەڕ لە گەرووی بابولمەندەب، هاوكاتە لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەكانی حوسییەكان بۆ سەر شار و دامەزراوەكانی باشوری سعودیە.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، چەكدارە حوسییەكان شەوی ڕابردوو لە دژە هێرشێكدا توانیویانە شاری مەخا لەسەر دەریای سور لە باشوری ڕۆژئاوای یەمەن كۆنترۆڵبكەن، بەم هەنگاوەش حوسییەكان لەكۆنترۆڵی گەرووی بابولمەندەب بەتەواوی نزیك دەبنەوە كە خواستێكی سەرەكی ئێرانە.
ئەم پێشهاتە مەیدانی و سیاسیانە ئاماژەن بۆ ئەوەی كە شەڕی یەمەن لە هێڵەكانی پێشەوەی ناوخۆدا قەتیس نەماوە. دەریای سور و بابومەندەب و هێرشەكانی سەر سعودیە بوونەتە بەشێك لەفراوانبوونی شەڕەكە.
ئەم دژە هێرشەی حوسییەكان لە سنووری پارێزگای تەعز لە باشوری ڕۆژئاوای یەمەن دوای هێرشە فراوانەكەی هێزەكانی حكومەتی یەمەن بوو لەچەندین قۆڵەوە بۆ سەر حوسییەكان بەتایبەت نزیكبوونەوە لە سەنعای پایتەخت.
دوێنێ هێزەكانی حكومەت لەسنوری ڕۆژهەڵاتی شاری سەنعا پێشڕەویان كرد و بەوتەی سەرچاوەكان كەمتر لە100 كیلۆمەتر ماوە بگەنە ناوەندی سەنعا، بەڵام دژە هێرشەكەی حوسییەكان لە میحوەری باشورەوە هاوسەنگی جەنگەكەی گۆڕی.
