كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێم و بەغدا دەستیپێكرد

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 147 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:



ئەمڕۆ، ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، شاندی باڵای دانووستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا دەستی بە كۆبوونەوەكانی خۆی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی بەغدا كرد، بە مەبەستی بەشداریكردن لە قۆناغی ئامادەكردنی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٧ و جێگیركردنی پشك و شایستە دەستووری و داراییەكانی هەرێمی كوردستان.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی شاندی هەرێم، لەكۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری داراییدا شاندی هەرێم بەشداریكردنی نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی گەڵاڵەكردنی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی لە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بە هەنگاوێكی گرنگ و ئەرێنی هەڵسەنگاند و تێڕوانین و پێشنیارەكانی هەرێمی كوردستانی سەبارەت بە پڕۆژە یاساكە خستەڕوو.
هەروەها جەخت لەسەر پێویستی جێگیركردنی پشك و شایستەكانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا كرا، بە مەبەستی دانانی بنەمایەكی جێگیر و ڕوون بۆ ڕێكخستنی پەیوەندییە داراییەكانی نێوان هەردوو حكومەت.

لای خۆیەوە وەزیری دارایی عێراق جەختی لە گرنگی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و هەماهەنگی كردەوە، هەروەها دڵنیایی دایەوە كە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، لە ڕۆشنایی دەستوور و یاسا پەیوەندیدارەكاندا، بە دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات.

هاوكات شاندەكە لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ و وەزارەتی نەوت كۆبووەو شاندی هەرێم جەختی لەوەش كردەوە كە نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم بۆ هەناردەكردن ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكرێت، لە بازاڕە جیهانییەكان دەفرۆشرێت و داهاتەكەی بۆ خەزێنەی فیدڕاڵ دەگوازرێتەوە؛ ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە بۆ بەهێزكردنی هاوكاری نێوان هەردوو حكومەت و زیادكردنی داهاتی گشتیی فیدڕاڵ.