کاسبکارانی دەربەندیخان داوای داخستنی بازاڕەکان لە شەواندا دەکەن

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 410 جار خوێندراوه‌ته‌وه

رێبین محەمەد - شارپرێس:

بەشێک لەکاسبکارانی قەزای دەربەندیخان داوا دەکەن لەپێناو حەوانەیان و کەمکردنەوەی فشاری کارکردن لەسەریان، داوا دەکەن لەشەواندا بازاڕی قەزاکە دابخرێت، بەشێکی دیکەی کاسبکارانیش بەو پێشنیارە رازی نین پێیانوایە بڕیارێکی لەوشێوەیە زیان بە بژێویی ژیانیان دەگەیەنێت.


ئامانج محەمەد، قائیمقامی قەزای دەربەندیخان لەلێدوانێکی تایبەتدا بە شارپرێسی وت،" چاوەروانین بەفەرمی داواکارییەمان ئاراستە بکرێت و هەرکات داواکارییەکەمان بەدەستگەیشت، ئێمەش بڕیاری گونجاو لەوبارەیەوە دەدەین و لەرێگەی لیژنەکانەو چاودێری جێبەجێکردنی دەکەین ".

هاوکات، عومەر وەجهەدین، سەرۆکی سەندیکای کرێکاران لە دەربەندیخان بە شارپرێسی ڕاگەیاند،" پێشتر سەرتاشەکان داواکارییەکیان بەرزکردەوە بۆ سنوردارکردنی کاتی کارکردنیان، ئێمەش وەک سەندیکا داواکارییەکەمان لەگەڵ ئیدارەی شارەکە تاوتوێکرد، دواتر خرایە بواری جێبەجێکردنەوە و کرا بە بڕیار ".

سەبارەت بە داواکاریی پیشەوەرەکانی دیکە، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، لە ئێستادا ژمارەیەکی بەرچاو لە توێژەکانی دیکەش هەمان داواکارییان هەیە و دەتوانرێت بوترێت زۆرینەیان لەگەڵ ئەو پێشنیازەدان.

رونیشیکردەوە، لەبەرامبەردا بەشێک لە کاسبکاران ڕەخنەیان هەیە و پێیان وایە کەمکردنەوەی کاتی کارکردن زیانی داراییان پێدەگەیەنێت و داهاتەکەی بەشی بژێوی ڕۆژانەیان ناکات.