عەممار حەكیم لەدهۆكەوە پەیامێك ئاڕاستەی كورد دەكات

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 252 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی ڕایگەیاند، كار بۆ دورخستنەوەی هەر هێرشێک  دەكەین کە خاکی عێراق و لەوانەش هەرێمی کوردستان بکاتە ئامانج و دەڵێت، ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاسایشی تەواوی عێراقە.

عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی، لەمیانەی سەردانێکی بۆ پارێزگای دهۆک لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا  ڕایگەیاند، ئاسایش و سەلامەتیی هەرێمی کوردستان بەشێکی جیانەکراوەیە لەئاسایش و سەلامەتیی گشتیی عێراق.

عەممار حەکیم وتیشی، "تەواو بەپەرۆشین بۆ دورخستنەوەی هەر هێرشێک کە خاکی عێراق و لەوانەش هەرێمی کوردستان بکاتە ئامانج، لە ڕابردووشدا کارمان کردوەو لەداهاتوشدا کار دەکەین بۆ ئەوەی عێراق لە هەر لێکەوتە یان ئامانجگرتنێک لەلایەن هەر لایەنێکەوە بەدور بگرین".

سەبارەت بەهێزەکانی هاوپەیمانان سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی جەختی کردەوە، لە (30)ی ئەیلول بەگوێرەی ڕێککەوتن هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی ڕێکخراوی داعش ئەرکەکانیان لەعێراق و هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و دەکشێنەوە.

عەممار حەکیم ئاماژەی بەوەشدا ئەم کشانەوەیە "وەک پەیامێکی چاکبونەوەو تێپەڕاندنی قەیرانەکان لەعێراق، نیشانەی ئەوەیە عێراق توانیویەتی بەهاوکاریی هاوبەشە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان و بەپلەی یەکەم بەهەوڵ و قوربانیدانی ڕۆڵەکانی خۆی، بەسەر تیرۆردا سەرکەوێت".