شارپرێس:
ڕۆژنامەی
"ئەلئەخبار"ی لوبنانی، لەراپۆرتێکدا بەپشتبەستن بە سەرچاوەیەکی حکومەتی
لوبنان، ئاشکرایکردوە کە تورکیا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازیی
و چەکی پێشکەوتوو بە سوپای لوبنان، لەگەڵ خواستی بەشداریپێکردنی لە دۆزینەوەی چارەسەرێک
بۆ پرسی داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا.
بەپێی سەرچاوەکە،
پەیوەندییە سیاسییەکان لە نێوان لایەنە فەرمییەکانی لوبنان و ئەنقەرە بەردەوامن، بەڵام
سەرۆکایەتیی کۆماری لوبنان بە سەرۆکایەتیی جۆزێف عۆن بەشداریی لەم پەیوەندییانەدا
ناکات. ئەنقەرە چەندین جار بە بەیروتی ڕاگەیاندوە کە ئامادەیە پشتگیریی سەربازیی
بباتە پێشەوە و ڕەخنەشی لە شێوازی مامەڵەکردنی لوبنان لەگەڵ دۆسیەی داماڵینی چەکی حیزبوڵڵادا
گرتوە.
ڕۆژنامەکە
ئاماژەی بەوەش کردوە کە ئەم جوڵەیەی تورکیا هەوڵێکە بۆ بەهێزکردنی هەژمونی خۆی
لە لوبنان و ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاستدا، نەک وەک جێگرەوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ ڕۆڵی
ئەمریکا. هەروەها تورکیا داوای کشانەوەی تەواوەتیی ئیسرائیل لە باشوری لوبنان دەکات.
لە لایەکی ترەوە،
ئەنقەرە هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی نێوان حیزبوڵڵا و حکومەتی نوێی سوریا بە سەرۆکایەتیی
ئەحمەد شەرع سەرپێ بخاتەوە، بەتایبەت دوای ئەو ئاڵۆزییانەی لەگەڵ کەوتنی ڕژێمی بەشار
ئەسەددا دروست بون.
ئەوەش هاتووە: تورکیا لەسەر ئەو بڕوایەیە کە "ئاسایشی سوریا
بەشێکە لە ئاسایشی لوبنان، و ئاسایشی تورکیاش لە ئاسایشی سوریایە"، بەمەش دەیەوێت
ڕێگریی لە هەر ڕوبەڕوبونەوەیەکی نوێ بگرێت.
لەراپۆرتەکەی
رۆژنامە لوبنانییەکەدا هاتوە کە داواکارییەکانی تورکیا تەنها پشتگیریی سەربازی نییە،
بەڵکو بەشدارییە لە ڕێکخستنە سیاسی و ئاسایشییەکانی ناوچەکە، لە هەمان کاتدا، بەرپرسانی
تورکیا ڕەخنەیان لە لێکنزیکبوونەوەی ستراتیژیی جۆزێف عۆن لەگەڵ قوبرس و یۆنان
گرتوە.
ئەنقەرە پێی وایە
بەرژەوەندیی ڕاستەوخۆی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاستدا هەیە و ڕێگە نادات
هاوسەنگییەکان بە شێوازێک بگۆڕدرێن کە هەژمونی کەم بکەنەوە یان لوبنان بخەنە ناو میحوەرێک
لەگەڵ ئیسرائیل، یۆنان و قوبرس.
ئاکۆ عەبدوڵڵا
ئاڵی
