شارپرێس ـ تایبهت:
لەنێو دیوارە ساردەکانی چاکسازیی دهۆکدا، پیاوێکی تەمەن 68 ساڵ هەیە کە چیرۆکەکەی هاوشێوەی فیلمە خەیاڵییەکانە، بەڵام تراژیدیایەکی ڕاستەقینەی کوردییە، (و. ی) کە چارەگە سەدەیەكه لەزینداندایە، ئێستا لەلێواری مردندایەو تەنانەت ڕێگەشنادرێت پزیشک بیبینێت، كهسوكارهكهشى هانایان بۆ شارپرێس هێناوهو دهڵێن، "ئهو كهیسه چاوهڕوانى یهك واژۆیه لهلایهن وهیسى بارزانیهوه بۆ ئهوهى ناوبراو ئازادبكرێت، بهڵام ئهو واژۆیه بوهسته حیكایهتى مێشهكهو ههرنهگهیشت".
بنەماڵەی (و. ی) هانایان بۆ شارپرێس هێنا تاوهكو كهیسهكهیان بگاته ههموو بهرپرسانو خهڵكى كوردستان، سەرچاوەیەکی نزیک لهو گیراوه بۆ شارپرێس پەردەی لەسەر وردەکاریی ئەو زوڵمە لادا کە بەرامبەر كوڕهكهیان دەکرێت، ئهو وتى:"(و. ی) لەدایکبوی ساڵی 1958، لەڕۆژى 6ى 2ى 2000وه ڕفێنراوە، دوای 11 ساڵ لەزیندانیو ڕفاندن، ئینجا لەساڵی 2011دا دادگاییکرا، ئەویش بەیاسایەک کە لەکاتی ڕفاندنیدا، ئهو یاسایه لەهەرێمی کوردستان ههر بونی نەبوو.
مەینەتییەکانی (9)ى تهمهن 68 ساڵان لێرەدا نەوەستاون؛ وهكو سهرچاوهكه ڕایگهیاند، "دوای ئەوەی سزای پێنج ساڵو یەک مانگی بەتۆمەتێکی (دروستکراو) تەواوکرد کە گوایە لەناو زیندانی تاکەکەسیدا ئەنجامیدابوو، جارێکی دیكه بێسەروشوێنکرایەوە، سەرەڕای ئەوەی لەساڵی 2016دا دوجار بڕیاری (ئیفراج)و ئازادکردنی بۆ دەرچوە، بەڵام 10 ساڵە بەنایاساییو بەشێوەی (تەوقیف) هێڵدراوەتەوە".
سەرچاوەکەی بنەماڵەی (و. ی) بۆ شارپرێس ئاشکرایدەکات، لەساڵی 2021وە بەردەوام بەڵێنی ئازادکردنی دەدەن، بەڵام ئێستا کەیسەکەیان لەیەک واژۆدا کورتکردوەتەوە. بەبنەماڵەکەیان وتراوە، "تەنها چاوەڕێی واژۆی وەیسی بارزانی دەکەین بۆ ئازادکردنی"، بەڵام تائێستا ناوبراو هیچ وەڵامێکی بۆ کەیسەکە نییەو (و. ی)یش هەر لەپشت میلەکانی زیندان ماوەتەوە".
ئێستا باری تەندروستی (و. ی) لەچاکسازی دهۆک زۆر خراپە، وهكو سەرچاوەکەی بنەماڵەکەی دەڵێت، "نە دەرمان، نە پێداویستی تەندروستی و نە پزیشکیش، ڕێگەیان پێنادرێت بچنە ژورەوە، (و) لەدۆخێکی تەندروستیی مەترسیدایەو لەنێوان مانو مردندایە".
بنەماڵەی (و. ی) لەڕێگەی شارپرێس-ەوە دوو داواکاریی بەپەلە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەن داوادهكهن:
1ـ بەزوترینکات ڕێگەبدرێت پزیشکی تایبەت بیبینێتو چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت، چونکە مەترسیی مردنی لەسەرە.
2ـ کۆتایی بەم زیندانییە نایاساییە بهێنرێتو بەزوترینکات ئازادبکرێت، چونکە هیچ پاساوێکی یاسایی بۆ مانەوەی نەماوە.
بنهماڵهكهى (و. ی) دهڵێن، کەیسی كوڕهكهیان تەنها چیرۆکی زیندانییەک نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی قورسی ویژدانی مرۆییو سەروەریی یاسایە لەهەرێمی کوردستان؛ ئایا پێشئەوەی مەرگ لەچاکسازیی دهۆک یەخەی ئەو پیاوە 68 ساڵانە بگرێت، واژۆی ئازادکردنەکەی دەگات، یان ئهویش دەبێتە قوربانییەکی دیكهى بێدەنگیو فەرامۆشکردن؟.
