حكومەت و گروپە چەكدارەكان لەسەر بژاردەیەكی نوێ گفتوگۆ دەكەن

عیراق

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 530 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

 سەرچاوەیەكی ئاگادار ڕۆژی یەكشەممە ئاشكرای كرد كە گروپە چەكدارەكان تا ٣٠ی ئەیلول چەكەكانیان ڕادەست ناكەن، هاوكات باس لە بژاردەی دووەم دەكەن كە لە دانوستانەكاندا تاوتوێ دەكرێت.

ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە، "بژاردەی ئێستا بریتییە لە ڕێكخستن یان بەكارنەهێنانی چەكەكان دوای ڕەتكردنەوەی ڕادەستكردنیان تا وادەی دیاریكراو".

ئەو سەرچاوەیە كە لە چوارچێوەی هەماهەنگی نزیكە، میكانیزمەكانی بژاردەی دووەم و چۆنیەتی جێبەجێكردنی بژاردەكەی ئاشكرا نەكردووە.

هاوكات سەرچاوەیەكی دیكەی ئاگادار، ڕێككەوتنێكی سەرەتایی ئاشكرا كرد كە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدرێت. ئەم كۆبوونەوەیە نوێنەرانی فەرمی حكومەت  بەلایەنی سەربازی و ئەمنییەوە لەخۆدەگرێت، لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، نوێنەرانی هێزەكانی حەشدی شەعبی و نوێنەرانی گروپەچەكدارەكان. مەبەست لەم كۆبوونەوەیە تاوتوێكردنی میكانیزمێكە بۆ كۆنترۆڵكردنی چەك لە دەستی دەوڵەتدا پێش وادەی ٣٠ی ئەیلول.

بەگوێرەی سەرچاوەكە، كۆبوونەوەكە "ئاماژە نییە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر میكانیزمێكی دیاریكراو، بەڵكو بەشێكە لە هەوڵەكان بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان و ڕێگریكردن لە هەر پەرەسەندنێكی ئەگەری و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە چارەسەر و لێكتێگەیشتن سەبارەت بە پرۆسەی كۆنترۆڵكردنی چەك".