شارپرێس:
محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ڕایگەیاند، پێویستە ئەمریکا بەرلەوەی کات بەسەربچێت، تێبگات کە یاساکانی کایەکە لەجەنگ دژ بەئێران گۆڕاون، ئەم لێدوانەی قالیباف دوای ڕۆژێک دێت لەبۆردومانکردنی چەند تانکەرێکی نەوتی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە لەکەنداوی عەرەبی.
قالیباف لەوتارێکدا کە لەکەناڵی تێلیگرامەکەی بڵاویکردوەتەوە دهڵێت، "لەمەودوا، هەر هێرشێک بۆ سەر بەرژەوەندییو ئاسایشی ئێران، بەوەڵامێکی خێراتر، توندترو بەئازارتر ڕوبەڕوو دەبێتەوە".
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، "دەبێت ئەمریکییەکان تێگەیشتبێتن کە سەردەمی وەڵامی هاوسەنگ کۆتاییهاتوەو هەر پێشێلکارییەک بەرامبەر بەبەرژەوەندییو ئاسایشی ئێران، بەوەڵامێکی خێراتر، بەهێزترو پڕئازارتر وەڵامدەدرێتەوە".
پێشتر، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاشکرایکردبوو، سێ تانکەری نەوتی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێرانیان تێکشکاندوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران هێرشیکردبوەسەر دوو کەشتیی جەنگیی هێزی دەریایی ئەمریکا.
سێنتکۆم لەبڵاوکراوەیەکدا لەپلاتفۆرمی (X) ئاماژەی بەوەکردوە، هێزەکانیان لە5ی ئەیلولدا هێرشی ئاسمانییان کردوەتەسەر سێ تانکەری نەوتی خاوی ئێران، دوای ئەوەی سوپای پاسداران موشەکی بالیستیی ئاراستەی دوو کەشتیی جەنگیی ئەمریکا کردبوو کە خەریکی دەوریەدان بون لەئاوە نێودەوڵەتییەکاندا.
هەروەها سێنتکۆم دەڵێت، "کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکیو کەشتییەکی تێکشکێنەری موشەک، توانییان بەسەرکەوتویی بەرپەرچی چەند هێرشێکی بێ پاساوی ئێران بدەنەوەو هیچکام لەسەربازانی ئەمریکا زیانیان بەرنەکەوتوە".
