ڕێکاری بەپەلەی حکومەت بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشت‌و هێلکە

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2389 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆمەڵێک ڕێکاری خێراو چڕی گرتەبەر بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشت‌و هێلکە لەبازاڕە ناوخۆییەکاندا، ئەمەش لەڕێگەی پاڵپشتیکردنی خاوەن پڕۆژەکانی سامانی ئاژەڵ‌و کێڵگەکانی پەلەوەرو گرتنەبەری شێوازێکی نوێ بۆ کەمکردنەوەی تێچوی بەرهەمهێنان.


قوسەی حەتتاب وتەبێژی وەزارەته‌كه‌ ڕایگەیاند، بەمەبەستی چارەسەرکردنی بەرزبونەوەی بەرچاوی نرخی هێلکەو بەرهەمە جیاوازەکانی پەلەوەرو گۆشتی سور، وەزارەت فەرمانیکردوە بەگرتنەبەری ڕێکاری خێرا لەڕێگەی فەرمانگەی سامانی ئاژەڵ‌و بەهاوکاری کەرتی تایبەت بۆ دابەزاندنی نرخەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگترین ڕێکارەکان بریتین لەکەمکردنەوەی تێچوی بەرهەمهێنان کە ڕاستەوخۆ کاردەکاتەسەر دابەزینی نرخ لەبازاڕەکاندا، هەروەها چاودێریکردنی وێستگەکانی پەلەوەری سەر بەوەزارەت‌و کەرتی تایبەتیش بەردەوامە.

حەتتاب ڕونیکردەوە، وەزارەت کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتینی ئیداریی بۆ خاوەن کێڵگەکان، لەڕێگەی ئاسانکاریی بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتەکان‌و گەرەنتی بەردەوامی پڕۆسەی بەرهەمهێنان، هەروەها بڕیارە وەزیری کشتوکاڵ سەردانی پارێزگای کەربەلا بکات بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو مەزاری پیرۆزی (حوسێنی‌و عەباسی) بەمەبەستی دابینکردنی بەرهەمەکان بەنرخی گونجاو.

پێویستی ساڵانەی عێراق نۆ ملیار هێلکەیە، بەڵام بەرهەمهێنانی ئێستا تەنها پێنج ملیار هێلکەیە، هه‌روه‌ها بۆ گۆشتی پەلەوەر عێراق ساڵانە پێویستی بە900 هەزار تۆنە، بەڵام بەرهەمهێنانی ناوخۆ لەمساڵدا تەنها 400 هەزار تۆن بوە.

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ وتەبێژی وەزارەت ئاشکرایکرد، کورتهێنانێکی گەورە لەنێوان پێویستی‌و بەرهەمهێناندا هەیە، وەزارەته‌كه‌شیان هەوڵدەدات لەڕێگەی پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکان‌و کەمکردنەوەی تێچوەوە ئەم کورتهێنانە پڕبکاتەوە تاوەکو کاڵاکان بەنرخێکی گونجاو بگەنە دەستی هاوڵاتیان.