نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێک بۆ گۆڕینی نەخشەی جیهان پەسەند دەکات

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 555 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی مێژوویی پەسەند کرد کە داوا دەکات بەکارهێنانی نەخشەی کلاسیکی جیهان  "میرکاتۆر  Mercator"  کەم بکرێتەوە و نەخشەیەک بەکاربهێنرێت کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانەتر رەنگدانەوەی قەبارەی ڕاستەقینەی وڵاتان و کیشوەرەکان بێت.

ئەم بڕیارە بە دەستپێشخەریی وڵاتی تۆگۆ و بە هاوکاریی کۆمەڵێک وڵاتی ئەفریقی خرایە ڕوو، وەک بەشێک لە کەمپینێکی یەکێتیی ئەفریقا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شێواندنە جوگرافییەی لە سەدەی 16ەوە هەیە.

 لە نەخشەی میرکاتۆردا ناوچەکانی نزیک لە جەمسەرەکان زۆر لە قەبارەی خۆیان گەورەتر دەردەکەون؛ بۆ نموونە، گرینلاند و ئەفریقا بە هاوقەبارە نیشان دەدات، لە کاتێکدا ڕووبەری ئەفریقا 14 بەرانبەری گرینلاندە.

لە پرۆسەی دەنگدانەکەدا، 164 وڵات پشتیوانییان لە بڕیارەکە کرد، 6 وڵات بێلایەن بوون، و تەنیا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژی دەنگی دا و ڕایگەیاند کە بڕیارەکە "ئەجێندای ئایدیۆلۆجی" تێدایە.

روپێرت دۆسی، وەزیری دەرەوەی تۆگۆ جەختی کردەوە: "جیهانێکی دادپەروەر بە نەخشەیەکی دادپەروەر دەست پێدەکات." ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە تۆگۆ دەبێتە یەکەم وڵات کە تا کۆتایی ئەمساڵ کتێبەکانی جوگرافیا لە قوتابخانەکانیدا دەگۆڕێت و لەگەڵ کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا و سیستەمەکانی دیاریکردنی شوێن (GPS) کار دەکات بۆ بەکارهێنانی نەخشەی نوێی "Equal Earth".

ئەم بڕیارە پابەندکەری یاسایی نییە و ڕێگری لە بەکارهێنانی میرکاتۆر لە ڕێدۆزیی (ناڤیگەیشن) دەریایی و ئاسمانییدا ناکات، بەڵام هەنگاوێکی گرنگە بۆ سڕینەوەی شوێنەوارە فکرییەکانی سەردەمی کۆلۆنیالیزم.


ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی