ئەنجومەنی باڵاى ئیسلامى: دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزە بیانییەکان هیچ گروپێكى چه‌كدار نامێنێت له‌عێراق

عیراق

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2331 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی نەخشەڕێگەی داهاتوی گروپە چەکدارەکانی عێراق ئاشکرادەکات؛ وتەبێژی ئەنجومەنەکە دەڵێت، دوای کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت، سیاسییەکان دەبێت تەنها خەریکی سیاسەت بن‌و چەکەکەیان تەنها لەژێر چەتری حەشدی شەعبیدا وەک هێزێکی دەوڵەت بمێنێتەوە.


ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، چیتر هیچ پاساوێک نامێنێت بۆ ئەوەی سەرکردەیەکی سیاسی لەسەرۆکایەتی گروپێکی چەکداردا بمێنێتەوە دوای ئەوەی پڕۆسەی سنوردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا تەواو دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، چونە دەرەوەی هێزە بیانییەکان سەروەریی تەواوەتی بۆ عێراق بەدیدەهێنێت.

عەلی دیفاعی وتەبێژی ئەنجومەنی باڵا لەبەرنامەیه‌كى ته‌له‌فزیۆنیدا ڕایگەیاند، "تەواوبونی پڕۆسەی کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا بەواتای کۆتاییهاتنی پەیوەندیی نێوان سەرکردە سیاسییەکان‌و گروپە چەکدارەکان دێت، بەجۆرێک فەرماندە مەیدانییەکان‌و شەڕکەرەکانیان دەگوازرێنەوە بۆ کارکردن لەناو چوارچێوەی پێکهاتەی حەشدی شەعبیدا".

دیفاعی وتیشی، "کاتێک دەوڵەت سەروەریی تەواوەتی بەسەر ئاسمان، زەوی‌و بڕیاری نیشتمانیی خۆیدا بەدیدەهێنێت، ئەوکاتە چەکی گروپەکان دەبێتە هێز بۆ دەوڵەت، بۆیە چیتر پاساوێک بۆ بونی سەرۆکی گروپێکی چەکدار نامێنێت".

ئه‌وه‌شى وت، "سیاسییەکان دەچنەسەر کاری سیاسی خۆیان، فەرماندە مەیدانییەکانیش لەگەڵ شەڕکەرەکانیان لەناو حەشدی شەعبیدا دەمێننەوە، یاسای میلاکات‌و پلەبەندییە سەربازییەکان‌و یاسای خانەنشینی تایبەت بەحەشد، کاروباریان ڕێکدەخات، بەتەواوبونی ئەم مەرجانە، چیتر شتێک نامێنێت بەناوی گروپە چەکدارەکان، له‌سه‌روو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌، چونە دەرەوەی هێزە چەکدارە بیانییەکان، سەروەریی تەواوەتی بۆ عێراق دەستەبەردەکات".