شارپرێس:
حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری پێشوتری ئێران، میدیای
فەرمی وڵاتەکەی بە"بێڕێزیکردن" بەگەلو قۆرخکاریی حزبیی تۆمەتباردەکاتو
ڕایدەگەیەنێت، "کاتێک خودی مهسعود پزیشكیان-ى سەرۆک کۆمار ئامادەنییە سەیری
تەلەفزیۆنی فەرمی بکات، نابێت چاوەڕێبکرێت خەڵک بەرگەی ئەو گێڕانەوە حزبییانە
بگرن".
حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری پێشوتری ئێران، ڕەخنەی
توندی لەگێڕانەوەو سیاسەتی میدیای فەرمی وڵاتەکەی گرتو ڕایگەیاند، دەزگای ڕادیۆو
تەلەفزیۆنی فەرمی (IRIB) نوێنەرایەتی هەموو چینو توێژەکانی گەل
ناکاتو تەنها لەلایەن گروپێکی سنوردارەوە قۆرخکراوە، دهشڵێت، "بەڕێوەبەرایەتی
تەلەفزیۆنی فەرمی ڕێز لەگەلی ئێران ناگرێت".
ڕۆحانی دهڵێت، "ئایا دەکرێت کەمینەیەکی
بچوک هەمیشە جێی ڕێزبنو زۆرینەی گەورە وەلا بنرێن؟ ئایا نەدەبوو دەزگای ڕادیۆو تەلەفزیۆن
ببنە نیشتمانی؟ تەنانەت دوای جەنگی 12 ڕۆژەو جەنگی 40 ڕۆژەش هەر بەقۆرخکراوی بۆ لایەنو
گروپێکی دیاریکراو ماوەتەوە".
سەرۆک کۆماری پێشوتری ئێران ئاماژەی بەبێزاریی
خەڵکو بەرپرسانیش کرد لەو میدیایەو وتی، "ئێستا کێ لەوێ قسە دەکات؟ کاتێک سەرۆک
کۆمار (پزیشکیان) دەڵێت: 'من هەر سەیری ناکەم'، ئیتر کێ دەتوانێت سەیری بکات؟ کێ
تاقەتی هەیە سەیری بکاتو کێ دەمارگیرییەکی هەیە بەرگەی بیستنی بگرێت؟".
جەختیشیکردەوە، دەزگاکانی دەوڵەت نابێت حزبی
بن، وتیشی، "دەزگا هەواڵگرییەکان، ئەمنییەکان، دادوەرییو ئەو دامەزراوەیەی دەنگی
خەڵک بڵاودەکاتەوە وەک ڕادیۆو تەلەفزیۆن، دەبێت سەروو حزبی بن".
لەکۆتاییدا ڕۆحانی وتی، "بۆچی نامانەوێت
ڕێز لەخەڵک بگرین؟ بەهانە دەهێنینەوە کە بەنزین کەمە یان هەڵاوسان زوو دانابەزێت،
باشە.. بەڵام ئەم میدیایە دەکرێت بخرێتە خزمەت هەموان، ئەمە تەنها ساتێکی دەوێتو
دەکرێت لەماوەی کاتژمێرێکدا بخرێتە بەردەست هەموو گەلی ئێران تا بێنو قسە بکەن، نەک
تەنها بۆ گروپێکی چەند (دە) یان چەند (سەد) کەسی بێت، لەکاتێکدا ئەوانی دیكه تاقەتی
بینینو بیستنیان نەبێت".
