وەلید زوعێتەر لەڕۆڵی سەدام حسێن؛ نهێنییەکانی لێکۆڵینەوەی CIA لەزنجیرە درامایەکی نوێدا ئاشکرادەکرێن

هەمەڕەنگ

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1256 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەبەرهەمێکی درامیی جیهانیدا کە هەشت ئەڵقە لەخۆدەگرێت، ئەکتەری ناودار وەلید زوعێتەر بەرجەستەی کەسایەتی سەدام حسێن دەکات؛ زنجیرەکە تیشکدەخاتەسەر ئەو ساتە هەستیارانەی لێکۆڵینەوە کە لەناو ژورە تاریکەکانی CIAدا لەگەڵ سەرۆکی پێشوتری عێراق ئەنجامدراون.


زنجیرە درامای (High Value Target ـ ئامانجی باڵا یان ئامانج) یەکێکە لەو بەرهەمە درامییە جیهانییە چاوەڕوانکراوانەی کە تێکەڵەیەکە لەمێژوی نزیک‌و گێڕانەوەی پڕ لەکێشمەکێش، تێیدا ئەکتەری ئەمریکی بەڕەچەڵەک فەڵەستینی (وەلید زوعێتەر) ئەزمونێکی نوێ تاقیدەکاتەوە کە بەگرنگترین وێستگەی کاروانی هونەریی دادەنرێت، ئەویش بەرجەستەکردنی کەسایەتی سەرۆکی پێشوتری عێراق (سەدام حسێن)ە.

زنجیرەکە باس لەوردەکارییەکانی دەستگیرکردنی سەدام حسێن لەکانونی یەکەمی 2003دا دەکات، بەتایبەتی جەخت لەسەر دانیشتنەکانی لێکۆڵینەوە دەکاتەوە کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە ئەنجامدران، هەروەها ئەو ڕوبەڕوبونەوە دەرونیانەی کە لەنێوان شکۆمەندیی سەرۆکایەتی‌و تاڵی دەستبەسەرکردندا دروست ببون.

زنجیرەکە لەهه‌شت ئەڵقە پێکهاتوەو چوارشەممەی داهاتوو پەخشدەکرێت، نوسین‌و دەرهێنانى لەلایەن (لیزلی جریف)ەوە ئەنجامدراوە، لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و باکوری ئەفریقیا لەڕێگەی سەکۆی "WATCH IT"و لەئەمریکا لەڕێگەی "HBO Max"و "TNT" پەخشدەکرێت، زنجیرەکە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بەکتێبە بەناوبانگەکەی (جون نێکسن) دەبەستێت بەناوی (لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆک)؛ نێکسن ئەو ئەفسەرەی دەزگای CIA بوو کە بەکردەیی ئەرکی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ سەدام حسێن پێسپێردرابوو.

خانمە ئەکتەر (دانیێل لویس) ڕۆڵی کۆندۆلیزا ڕایس (ڕاوێژکاری پێشوترى ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا) دەبینێت، هەروەها کۆمپانیای (ئارۆما ستۆدیۆز) بەشێک لەئەرکی جێبەجێکردن‌و بەرهەمهێنانی لەمیسر گرتوەتە ئەستۆ.

وەلید زوعێتەر کێیە؟
هەڵبژاردنی وەلید زوعێتەر بۆ ئەم ڕۆڵە جێگەی سەرسوڕمان نییە، چونکە پێشتریش لەچەندین بەرهەمی جیهانیدا بەشداریکردوە کە پەیوەندییان بەپرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەبوە، لەساڵی 1971 لەویلایەتی کالیفۆرنیا لەدایکبوە، بەشێک لەمنداڵی لەکوه‌یت بەسەربردوەو دواتر گەڕاوەتەوە ئەمریکا، لەزانکۆی جۆرج واشنتۆن فەلسەفەی خوێندوە، بەڵام خولیای بۆ شانۆ بردویەتیە ناو جیهانی هونەرییه‌وه‌، لەگەڵ ئەستێرە گەورەکانی وەک (میریل ستریپ) کاریکردوە، پێشتریش لەزنجیرەی بەناوبانگی (House of Saddam ـ ماڵی سەدام) کە کەناڵی BBC بەرهەمیهێنابوو، بەشداریکردوە.

لەفیلمی (عومەر)یشدا بەشداریکردوە کە کاندیدی خەڵاتی ئۆسکار بوو بۆ باشترین فیلمی بیانی، هەروەها لەفیلمە بەناوبانگەکانی وەک "London Has Fallen"و "The Men Who Stare at Goats"شدا دەرکەوتوە.