ترەمپ حەوت جار لەدواساتدا ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێران و حوسییەکانی هەڵوەشاندوەتەوە

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 139 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی وتەی بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئەمریکا ئامادەکاریی بۆ هێرشێکی نوێ دەکات و هێزەکانی خۆی زیاتر لە سنوورەکانی ئێران نزیک دەکاتەوە. دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەحەوت بۆنەدا ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێران و جوڵانەوەی ئەنساڕوڵای یەمەن (حوسییەکان)لە دوا ساتدا هەڵوەشاندووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی تاس، بە پشتبەستن بە ماڵپەڕی هەواڵی دراپ سایت نیوز (Drop Site News)، نووسیویەتی کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا/پێنتاگۆن بەردەوامە لە گواستنەوەی هێزەکانی بۆ نزیک سنوورەکانی ئێران‌ و چاوەڕێی ڕەزامەندیی دوناڵد ترامپە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێ.

ئەم بەرپرسە ئەمریکییە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، وتوویەتی: فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی چەکداریی ئەمریکا سەنتکۆم ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکان ئەنجام دەدات.

هەروەها ئەم بەرپرسە دەڵێت کە ترامپ پێشتر لە حەوت بۆنەدا ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێران و حوپییەکانی لە دوا ساتدا ڕاگرتووە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها بە ماڵپەڕە هەواڵییەکەی وتووە کە ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی بە ناوی توڕەیی ئەفسانەیی (Epic Fury) لە دژی ئێران دەستی پێ کردبوو، پێش ئەوەی هەموو پێداویستی و هێزە پێویستەکان بگەنە شوێنی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە.

پلانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە دوا ڕاپۆرتی خۆیدا لەبارەی ئەم بابەتە، بە پشتبەستن بە زانیاری بەرپرسانی ئەمریکی و کەسانی تری ئاگادار، نووسیویەتی کە هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پلانە دیاریکراوەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشە کورت، بەڵام چڕەکان بۆ سەر ئێران، دوای هەڵبژاردنە نیوەییەکەی ئەمریکا ئامادە کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە چڕکردنەوەی ڕاهێنانە سەربازییەکانیان و فڕینی فڕۆکەکان بەسەر ئاسمانی عێراقدا، خۆیان بۆ هێرش لە دژی ئێران ئامادە دەکەن.

ماڵپەڕی ئاکسیۆسیش نووسیویەتی کە دەیان فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی دابینکردنی سووتەمەنی ئیسرائیلی لە ڕۆژی دووشەممە تا نزیک سنوورەکانی ئێران فڕیون، پاشان ڕێگای خۆیان گۆڕیوە و گەڕاونەتەوە ئیسرائیل.

دوا قسەکانی ترەمپ لەبارەی ئێران
دوناڵد ترامپ لە دوا لێدوانەکانی خۆیدا وتوویەتی کە بەدوای دانوساندن لەگەڵ تاراندا ناگەڕێت و بە زوویی گۆڕانکارییەک لەبارەی ئێران ڕوودەدات و دۆسێی ملمـلانێی ئەمریکا و ئێران دادەخرێت.

لە هەمان کاتدا، بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک‌وەزیرانی ئیسرائیل، ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمزی ڕەت کردەوە؛ ئەو ڕاپۆرتەی کە نووسیبووی دوناڵد ترامپ ڕێگری لە ئیسرائیل کردووە لەوەی لە مانگی ئۆکتۆبەردا دووبارە هێرش بکاتەوە سەر ئێران.

مێژووی ملمـلانێی ئەمریکا و ئێران
ئەمریکا و ئیسرائیل لە ٢٨ی شوباتی ئەمساڵدا جەنگێکیان لە دژی ئێران دەست پێ کرد. لە مانگی حوزەیراندا، واشنتن و تاران یادداشتێکی لێتێگەیشتن و ڕێککەوتنیان واژۆ کرد کە بەپێی ئەوە، دەبوو هێرشەکان لە هەموو بەرەکاندا، لەوانەش لە لوبنان، دەستبەجێ بوەستن. بەڵام لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی سەرلەبەیانیی ٨ی تەمموزدا، ئەمریکا هێرشە بەرفراوانەکانی لە دژی ئێران دەستپێکردەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئێران پێشێلی ڕێککەوتنەکانی پەیوەست بە تەنگەی هورموزی کردووە.

دواتر، حکومەتی ئەمریکا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکانی لە دژی ئێران ڕاگرتووە و لەبری ئەوە، لە ڕێگەی سەپاندنی سزا ئابوورییە توندەکانەوە، بەدوای داڕمانی ئابووریی ئەم وڵاتەدا دەگەڕێت.