شارپرێس:
عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر لهبارهى جهنگى
حوسیهكانى یهمهنو عهرهبستانى سعودیهوه بڕیاریداو ڕایگەیاند، "توانای
سەربازیی میسر تەنها بۆ بەرگریکردن لەخاکو سنورەکانی سعودیە تەرخانکراوەو وەشاندنی
هیچ گورزێك بۆسەر یەمەن ئهنجامنادهین".
سیسی لەمیانی بەشداریکردنی لەدانیشتنی «ئاسایشی نیشتمانو
هاوڵاتی» لەچوارچێوەی سێیەم ڕۆژی کارەکانی مەکۆی میسر 2026دا پهیامێكى بڵاوكردهوهو
ڕایگەیاند، "ئاسایشی نیشتمانیی عەرەبی یەکپارچهیهو دابەشنابێت".
جەختیکردەوە، "سەقامگیریی وڵاتانی کەنداو ڕاستەوخۆ
پەیوەندیی بەمیسرەوە هەیە لەگۆشەنیگای ئاسایشی نیشتمانییەوە، ڕاوەستانی قاهیرەش لەپاڵ
وڵاتانی کەنداودا درێژکراوەی ئاسایشی نیشتمانیی عەرەبیی هاوبەشە".
سیسی ڕونیکردەوە، "توانای سەربازیی میسر بۆ بەرگریکردن
لەخاکی سعودیە تەرخانکراوەو هێرشکردنەسەر یەمەن ناگرێتەوەو ئامانج لێی تەنها بەرگریکردنە
لەخاکو سنورەکانی شانشینەکە، هاوشان لەگەڵ خاکی هەر دەوڵەتێکی دیكهى عەرەبی ئەگەر
لەمیسری داوابکات".
لەکۆتاییدا ئهوهشى وت، "هێزی سەربازیی میسر ناچێتە
دەرەوەی سنورەکانی میسر یان دەرەوەی سنوری هەر دەوڵەتێکی هاوپەیمان کە قاهیرە پەرۆشی
ئاسایشو سەقامگیرییەکەیەتی، جەختیش لەسەر پێویستیی گەڕانەوەی سەقامگیریی بۆ وڵاتانی
عەرەبی، لەوانەش سودان، لیبیاو سۆماڵ دهكهینهوه".
سوپای میسر لەدواین پۆلێنکردنی فەرمیی دەزگای نێودەوڵەتیی (گڵۆباڵ فایرپاوەر ـ Global
Firepower) بۆ ساڵی 2026، بەفەرمی لەپلەی یەکەمی وڵاتانی عەرەبیدا جێگیربوەو
وەک بەهێزترین هێزی سەربازیی ناوچەی باکوری ئەفریقیاو جیهانی عەرەبی دەناسرێت، لەسەر
ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سوپای میسر لەپلەی سێیەمی بەهێزترین سوپاکانی ناوچەکەدایە
(پاش سوپای تورکیا کە لەپلەی یەکەمو سوپای ئێران لەپلەی دوەمدایە)و لەپێش سوپای ئیسرائیلو
عەرەبستانی سعودیە جێگیر بوە، سوپای میسر لەناو بازنەی خولی بەهێزترین سوپاکانی جیهاندا
ماوهتهوهو لەنێوان پلەی 15 بۆ 18یەمیندایە لەکۆی 145 وڵات کە بەفەرمی هەڵسەنگاندنیان
بۆ دەکرێت.
