شارپرێس:
ئەندامێکی ئەنجومەنی گشتیی بزوتنەوەی نوێبونەوەی کوردستان-سوریا، بەفەرمی داوای هەموارو گۆڕانکاریی یاساییی بەپەلە دەکات بۆ زامنکردنی ئازادیی تەواوی کارکردنی پارتە سیاسییەکان لەوڵاتدا، جەختیش لەسەر پێویستیی زیندوکردنەوەی ژیانی سیاسیی، یەکخستنی گوتاری کوردیو بونیادنانی مەرجەعێکی سیاسیی هاوبەش دهكاتهوه کە نوێنەرایەتیی ڕاستەوخۆی داخوازییو مافەکانی گەلی کورد بکات لەقۆناغی گواستنەوەی سوریای نوێدا.
محەممەد زێدۆ ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی بزوتنەوەی نوێبونەوەی کوردستان ڕایگەیاندوه، لەژێر سایەی دەسەڵاتی دەیان ساڵەی حزبی بەعسو حوکمی بنەماڵەی ئەسەدا، هیچ بوارو ژینگەیەکی ئازاد بۆ کاری حزبەکان نەهێڵرابوەوە، ئەمەش ژیانی سیاسیی لەسوریادا بەتەواوی پەکخستبوو.

محەممەد زێدۆ ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی بزوتنەوەی نوێبونەوەی کوردستان
زێدۆ ئاماژەی بەوەشکرد، پاش ڕوخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، وڵات چوەتە قۆناغێکی نوێوە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئەم چرکەساتە هیچ گۆڕانکارییەکی بەرجەستە لەواقیعدا ڕوینەداوە؛ چونکە عەقڵییەتی باڵادەستی نێو حکومەتی گواستنەوەی ئێستا، هێشتا وەرنەگێڕدراوە بۆ بڕیارو یاسای ڕون کە ڕێگه بەئازادیی کاری حزبی بدات.
زێدۆ هۆشداریی توند دەدات کە نەبونی ڕێکاری جدی بۆ چالاککردنی کاری حزبیو بەردەوامبونی پەراوێزخستنی پارتەکان، وڵات بەرەو ئاراستەیەکی نەرێنی دەبات.
ناوبراو ڕاشیگەیاند، بەردەوامبونی ئەم واقیعە، مەترسیی ئەوەی هەیە سوریا بگەڕێنێتەوە بۆ ناو هەمان بارودۆخی سیاسیی قۆناغەکەی پێشوو کە ئەمەش هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر تەواوی پێکهاتەی ئابوریی، کۆمەڵایەتیو کارگێڕیی وڵات، ههربۆیه داوادهكات، یاسای تایبەت لەڕێگەی پەرلەمانەوە دەربچێتو لەدەستوردا جێگیربکرێت تا پاراستنی یاسایی بۆ کاری پارتەکان دابین بکرێت.
سەبارەت بەمەلەفی پارتە کوردییەکان، زێدۆ جەختیکردەوە، پێدانی مۆڵەتی یاساییو ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییو مافە نەتەوەییو سیاسییەکانی گەلی کورد، بنەمای سەرەکەیی بونیادنانی سوریایەکی نوێیە کە لەسەر فرەیی دامەزرابێت، ئاماژەی بەوەشدهكات، "کۆبونەوەی مێژویی فەرمیی 26ی نیسان هەنگاوێکی زۆر گرنگبوو بۆ لێکنزیکبونەوەو ههماههنگیى هێزە کوردییەکان، بۆیە ناچارییە کە تهواوی ئەمجۆرە کۆنگرەو دانیشتنانە بەردەوامییان هەبێت تا مەرجەعێکی سیاسیی یەکگرتوی کوردی لەڕۆژئاواو سوریادا پێکبهێنرێت کە بتوانێت بەیەکدەنگ داکۆکی لەمافو دەستکەوتەکانی گەل بکات".
