شارپرێس ـ تایبهت:
دادگای کارگێڕیی سلێمانی سەر بەئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستان، لەدانیشتنێكى فەرمیی خۆیدا، ئهمڕۆ 21ی تشرینی یەکەمی 2026، بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی دەرکرد، بهگوێرهى بڕیارەکە، تەواوی فەرمانێكى پێشوی پارێزگاری سلێمانی ههڵوهشاندهوه کە ڕێگەی دەدا بەتۆمارکردنی موڵک، شوقەو خانوبەرە بەناوی هاوڵاتیانی عەرەبی عێراقیو بیانی بەناونیشانی (گەشەپێدانی بواری گەشتیارییو ئابوریی).
بهگوێرهى ئهو نوسراوانهى تایبهت دهست شارپرێس كهوتون، بڕیارەكهى دادگا دوای ئەوەهاتوه، ههرسێ پارێزەرو یاساناسی شاری سلێمانی (ئومێد حەمەڕەشید محەممەد، گەلاوێژ محەممەد شەریفو شوانە عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان) بەفەرمی لەدادگا سکاڵایان دژ بەپارێزگاری سلێمانیو جێبەجێکاری یاساییەکەی تۆمارکرد.
ئهو سێ پارێزەرە لەدەقی داواکەیاندا بەتوندی هۆشدارییاندابوو کە فەرمانی پێشوی پارێزگار (کە لەساڵی 2016دا لەلایەن د.ئاسۆ فەرەیدون پارێزگارى ئهوكاتى سلێمانى دەركرابوو)، بوەتە هۆی لێشاوی نیشتەجێبونی هەمیشەیی هاوڵاتیانی ناوچەکانی ناوەڕاستو خواری عێراقو بیانییەکان لەسلێمانی.
پارێزهرهكان جەختیانکردوهتهوه، "ئەمە پێشێلکاریی ڕەهای مادەی 23ی دەستوری عێراقە (کە قەدەغەی دەکات خاوەندارێتیی خانوبەرە بۆ مهبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیا بەکاربهێنرێت)و هەڕەشەیەکی گهورهو جدییه بۆسەر پێکهاتەی نەتەوەییو ڕەسەنایەتیی شاری سلێمانی.
بهگوێرهى نوسراوهكهى ئهوكاتى پارێزگارى سلێمانى كه وێنهیهكى لاى شارپرێسه، (کۆنوسی کۆبونەوەی ڕۆژى 2ی حوزەیرانی 2016) کە لەژێر ناوی (پێشنیازی ژوری بازرگانی بۆ بوژاندنەوەی ئابوریی) دەرچوبوو، ڕێگەی دهدا به(تۆمارکردنی شوقەو خانوبەرە بەناوی هاوڵاتیانی عەرەبی عێراقو بیانی هاوشێوەی هاوڵاتیانی سلێمانی، ڕێگەدان بەبەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانوبەرەی سلێمانی بۆ کارئاسانیی خێرا بەبێ گەڕانەوە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی فەرمیی پارێزگا، سپاردنی مەلەفی فلتەرکردنی ئەمنیی تەنها بەئاسایشی سلێمانی).
لهبهرامبهر سكاڵاى سێ پارێزهرهكهى سلێمانى، دادگای کارگێڕیی پارێزگاكه، بەسەرۆکایەتیی دادوەر (حوسێن محێدین تەماس)و ئەندامێتیی دادوەران (ئازاد ئەکرەم مەجیدو قادر محەممەد نوری) پاش لێکۆڵینەوەی قوڵیی یاسایی، تەواوی فەرمانهكهى ساڵی 2016ی پارێزگاری سڕکردو فەرمانی پوچەڵکردنەوەیدا.
دادگا لەهۆکارەکانی بڕیارەکەیدا كه ڕایگەیاندوهو وێنهیهكیشى دهست شارپرێس كهوتوه ئاماژهى بهوهكردوه، "پارێزگاری سلێمانی بهگوێرهى یاسای پارێزگاکانی هەرێم (یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009)، خاوەنی هیچ دەسەڵاتێکی یاسادانان یان دەرکردنی مۆڵەت نییە بۆ ڕێکخستنی خاوەندارێتیی خانوبەرە بۆ کەسانی دەرەوەی هەرێم، ههروهها پشتبەستن بەڕێنمایی کارگێڕیی سادە بۆ کڕینو فرۆشتنی زەوی بەبیانیو عەرەب بەبێ چوارچێوەی یاسایی باڵا، لادانە لەپسپۆڕیی فەرمیو دەبێتە هۆی تێکدانی هاوسەنگیی شاری سلێمانی".
دادگا جەختیکردوهتهوه لهسهر بڕیارەکەی خۆى كه بۆ ڕێزگرتنە لەمادەکانی 13و 17ى یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمو پاراستنی مادەی 23ی دەستوری فیدراڵی، تاوەکو ڕێگریی ڕەها بکرێت لەهەر پڕۆژەیەک کە سیمای دیمۆگرافیای ناوچەکە تێکدەدات.
ئەم بڕیارە کە لە لایەن سەرۆکایەتیی دادگاوە واژۆکراوە، پارێزهران وەک سەرکهوتنێکی گەورەی یاسایی بۆ پارێزەرانی هێڵی نیشتمانی ناوى دهبهن كه کڕینو فرۆشتنی خانوبەرە بەعەرەبو بیانیهكان لەسلێمانیدا، دەخاتە چوارچێوەیەکی زۆر توندو سنوردارەوە.