حکومەتی عێراق دەست بۆ موچەی فەرمانبەران دەبات

عیراق

57 خولەک پێش ئێستا‌ 2624 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

محەمەد ئەبولعەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق وردەکاریی ڕاسپاردەکانی لیژنەی تایبەت بەهەموارکردنەوەی خشتەی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتی ئاشکراکرد کە پێشنیازی زیادکردنی موچەی بنەڕەتی، ڕێکخستنی دەرماڵەکان بەڕێژەی دیاریکراوو هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لەدەرماڵەکانی دیكه‌ لەخۆدەگرێت بە ئامانجی کەمکردنەوەی جیاوازییە داراییەکانی نێوان فەرمانبەران‌و بەدیهێنانی دادپەروەریی وەزیفی.


ئەو لیژنەیەی لەساڵی 2022دا بۆ لێکۆڵینەوە لەیاساکانی پەیوەست بەموچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت‌و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنیان پێکهێندرا، چەندین کۆنوس‌و ڕاپۆرتی ئامادەکردوە، پێوەرە پێشنیازکراوەکانی بۆ چارەسەرکردنی جیاوازیی لەشایستە داراییەکان‌و باشترکردنی ئاستی بژێویی، بەتایبەت بۆ خاوەن پلە وەزیفییە نزمەکان لەخۆگرتوە.

به‌گوێره‌ى وتەی ئەبولعەیس کۆنوسی یەکەم پێشنیازێکی بۆ خشتەیەکی نوێی موچە لەخۆگرتوە کە لەسەر بنەمای زیادکردنی موچەی بنەڕەتی داڕێژراوە، لەگەڵ پێدانی دەرماڵە بەڕێژەی له‌50%و دەرماڵەیەکی دیکە بەڕێژەی 30% به‌گوێره‌ى یاسای موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت، هەروەها هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەرماڵە جیاوازانەی دیكه‌ کە دەدرێنە فەرمانبەران.

کۆنوسی دوەم سەرنجی خستوەتەسەر پێوەرەکانی بەرزکردنەوەی موچەی بنەڕەتی، لەگەڵ سودوەرگرتن لەپسپۆڕێکی ئابوریی بۆ لێکۆڵینەوە لەکاریگەرییە چاوەڕوانکراوەکانی ئەو هەموارکردنەوەیە لەسەر نرخی کاڵاو بازاڕەکان، هەروەها ڕەنگدانەوەی لەسەر توێژە کەمدەرامەت‌و لاوازەکان، لەنێویاندا بێکاران‌و سودمەندبوانی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی.

ڕاسپاردەکان دانانی بەرزترین ئاستیان بۆ دەرماڵەکان لەخۆگرتوە بەجۆرێک کە لە50%ی کۆی موچە نوێیەکە زیاتر نەبێت، لەگەڵ نەکردنەوەی دەرگای (بەدەرکردن) بۆ هیچ دامەزراوەیەکی دیکەی حکومی، بێجگە لەهێزە چەکدارەکان‌و دەزگا ئەمنییەکان بەهۆی تایبەتمەندیی ئەرکەکانیانەوە.

لەبارەی کۆنوسی چوارەمەوە، سەرنج خراوەتەسەر داتاکانی فەرمانبەران، موچەی بنەڕەتی‌و دەرماڵە جێگیرو گۆڕاوەکان، به‌گوێره‌ى قسەی ئەبولعەیس دەرکەوتوە کە ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی لە خشتەی (ج)ی یاسای بودجەدا ناویان هاتوە دەگاتە چوار ملیۆن‌و 74 هەزارو 697 فەرمانبەر، لەکاتێکدا تەنها داتای نزیکەی دوو ملیۆن فەرمانبەر گەیشتوەتە دەست لیژنەکە، لیژنەکە داوایکردوە داتاکان تەواوبکرێن بۆ دەستەبەرکردنی وردیی لێکۆڵینەوەکەو دوبارە دابەشکردنەوەی دادپەروەرانەی دەرماڵەکان.

ڕاسپاردەکانی کۆنوسی پێنجەمیش ڕێکخستنی پێدانی دەرماڵەکان، بەردەوامیی خەرجکردنیان به‌گوێره‌ى یاسای موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت لەخۆگرتوە، هاوکات بڕینیان لەو فەرمانبەرانەی کە به‌گوێره‌ى یاسا تایبەتەکان دەرماڵە وەردەگرن.

بەپەلە