دامه‌زاروه‌ى په‌ى هۆشدارییه‌كى به‌په‌له‌ به‌حزبه‌كانى هه‌رێم ده‌دات‌و له‌مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ ئاگاداریان ده‌كاته‌وه‌

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1862 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان (PAY)، بەفەرمی ڕاپۆرتی ژمارە (5)ی خۆی لەژێر دروشمی «هەرێمی کوردستان لەلێواری بۆشایی دامەزراوەییدا» ڕاگەیاند، ئەم ڕاپۆرتە کە بەپاڵپشتی‌و هاوکاریی دارایی‌و لۆجستیی سندوقی نیشتمانیی ئەمریکی بۆ پاڵپشتیی دیموکراسی (NED) ئامادەکراوە، هۆشداریدەدات کە پاشەکشێی کارگێڕیی، ململانێی حزبی‌و فەرامۆشکردنی یاساکان، پێگەی دەستوریی هەرێمی کوردستانیان لەبەردەم قەیرانێکی بێپێشینەی شه‌رعیدا ڕاگرتوە.


قەیرانی ڕەوایەتی‌و پەککەوتنی دامەزراوە شەرعییەکان
ڕاپۆرتەکە بەداتا ڕونیده‌كاته‌وه‌، قەوارەی هەرێم بەرهەمی خەباتی 100ساڵە، ئەنفال‌و خوێنی شەهیدانە، نەک خێرو بەخششی هیچ حزب یان حکومەتێک، بەڵام لەئێستادا سەرجەم جومگە نوینەرایەتییەکانی توشی ئیفلیجی بون.

ڕاشیگه‌یاندوه‌، پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی نزیکەی چوارساڵە بەتەواوی پەکیکەوتوە، تەنانەت دوای بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی خولی شەشەم لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024و سوێندخواردنی یاسایی، پەرلەمان بەهۆی ململانێوە نەکەوتوەتەسەر کارو حکومەتی هەرێمیش چوارساڵە بەدۆخی ناڕونی کاربەڕێکەر بەردەوامە.

باسى له‌وه‌شكردوه‌، زیاتر لە 12 ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان نەکراوەو ماوەی یاساییی هەر چوار دەستە سەرەکی‌و سەربەخۆکەش (دەستپاکی، چاودێریی دارایی، مافی مرۆڤ‌و کۆمسیۆن) بەتەواوی بەسەرچون یان بەبێ سەرۆکی فەرمی هێڵدراونەتەوە.

مەلەفی دەستور؛ ماف‌و ئەرکێکی 21 ساڵەى جێبەجێنەکراو
بەڵگەنامەکە دەستدەخاتەسەر کەلێنێکی توندی دەستوریی‌و ڕایدەگەیەنێت؛ دوای تێپەڕبونی نزیکەی 21 ساڵ بەسەر پەسەندکردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق لەساڵی 2005دا، هەرێمی کوردستان هێشتا نەیتوانیوە دەستوری تایبەت بەخۆی دابڕێژێت، ئەم بۆشاییە وایکردوە، لایەنە نەیارەکان لەبەغدا، شەرعییەتی هەرێم لاوازبکەن‌و بڵێن، "کورد چۆن لەبەغدا داوای پابەندبون بەدەستور دەکات، بەڵام لەماڵی خۆیدا مادەی 120ی هەمان دەستور بۆ نزیکەی 21 ساڵ جێبەجێناکات؟".

هێزە چەکدارەکان؛ دوو زنجیرەی فەرماندەیی لەژێر یەک ناودا
پێنجەمین ڕاپۆرتی دەزگای پەی، واقیعی ئەمنیی هەرێم ڕوندەکاتەوەو جەختدەکاتەوە کە سەره‌ڕای ڕاگەیاندنی فەرمیی پڕۆسەی چاکسازیی‌و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر ناوی "دەڤەری یەک‌و دوو" لەئەیلولی 2026دا، بەڵام لەسەر عەرز هێشتا دوو زنجیرەی فەرماندەیی، دوو دەزگای ئاسایش‌و دوو تۆڕی هەواڵگریی جیاوازی حزبی (زەردو سەوز) بەردەوامن.

ڕاپۆرتەکە هۆشداريدەدات، پێشمەرگە بۆ پاراستنی گەلە نەک پشکی حزبی، پۆلیس بۆ یاسایە نەک کۆنترۆڵکردنی ڕەخنەگر، ئاسایش بۆ ڕێگریی لەتاوانە نەک پاراستنی ناوچەی نفوزو دەزگای هەواڵگریش بۆ پاراستنی قەوارەکەیە نەک دۆسیەی سیاسیی حزب.

مەترسییەکانی داهاتوو و ئەگەری «هەڵوەشاندنەوەی کرداریی»
دەزگای پەی هۆشداریدەدات ئەگەر ئەم دۆخی پەککەوتنە بەردەوامبێت، هەرێم بەرەو چەند سیناریۆیەکی مەترسیدار هەنگاو دەنێت، بۆ نمونه‌ هەڵوەشاندنەوەی کرداریی (الانهیار الفعلی)، بەغدا لەڕێگەی یاسای بودجە، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی‌و کۆنترۆڵکردنی داهاتی نەوتی‌و نانەوتی، پێگەی دارایی‌و کارگێڕیی هەرێم بەتەواوی کۆنترۆڵدەکات؛ بەمەش ناوی هەرێم لەدەستوردا دەمێنێتەوە، بەڵام لەناوەڕۆکدا دەسەڵاتی بڕیاردانی نامێنێت.

 لێکترازانی کۆمەڵایەتی و کۆچ-ى وه‌كو مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ ڕونكردوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت، "بەهۆی نەمانی دەرفەتی کار، گرانیی گوزەران‌و گۆڕانی موچە بۆ ئامرازی فشار، متمانەی گەنجان بەدیموکراسی نامێنێت‌و شەپۆلی کۆچی بەکۆمەڵ‌و نادڵنیایی لەئایندە، وڵات بەتەواوی پەکدەخات".

نەخشەڕێگه‌ی پێشنیازکراوی دەزگای پەی بۆ گەڕانەوەی شەرعییەت
ڕێکخراوەکە لەکۆتایی ڕاپۆرته‌كه‌یدا پلانێکی کرداریی خێرا دەخاتە بەردەم هێزە سیاسییەکان‌و داواده‌كات، "لەماوەی 30 ڕۆژدا پەرلەمان کۆببێتەوەو دەستەی سەرۆکایەتی‌و لیژنە هەمیشەیییەکان هەڵبژێرێت، هه‌روه‌ها لەماوەی 90 ڕۆژدا کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکبهێنرێت، داتای داهاتەکان یەکبخرێت‌و وادەی فەرمیی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش دیاریبکرێت، لەماوەی 12 مانگیشدا پڕۆسەی نوسینەوەی دەستوری هەرێم بەبەشداریی گشتیی بگەیەنرێتە قۆناغی ڕاپرسی‌و تەواوی هێزەکانی ناوخۆ، پێشمەرگە، ئاسایش‌و دەزگاکانی پاراستن‌و زانیاریی بەتەواوی لەژێر یەک زنجیرەی فەرماندەیی وەزارەتە مەدەنییە نیشتمانییەکاندا یەکبخرێنەوە".

ڕاپۆرتەکە بەم ڕستە کاریگەرە نیشتمانییە کۆتاییهاتوه‌و ڕایگه‌یاندوه‌، "پاراستنی هەرێمی کوردستان بەدابەشکردنی بەرپرسیارێتی لەنێوان حزبەکاندا ناکرێت، بەڵکو لەئەستۆی هەر پەرلەمانتار، بەرپرس، دادوەر، ڕۆژنامەنوس، مامۆستاو هاوڵاتییەکی دڵسۆزدایە؛ چونکە ئەگەر کورد خۆی لەناوخۆدا چاکسازیی ڕاستەقینە نەکات، خۆی دەبێتە ڕێخۆشکەر بۆ جێبەجێبونی ئەو پیلانانەی کە دوژمنان چاوەڕوانی دەکەن".