شارپرێس:
لەپێشهاتێکی مەترسیداردا کە نیشانەی قوڵبونەوەی دیاردەی ڕفاندنو داڕمانی
باری ئەمنییە لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دیمەشق، هاوڵاتییەکی کوردی نیشتەجێی پارێزگای
سوەیدا لەلایەن گروپێکی چەکداری نەناسراوەوە ڕفێندراوە، ڕفێنەرەکان وەک مەرجێک بۆ
ئازادکردنی، داوای فیدیەیەکی دارایی یەکجار قورس دەکەن کە ئەمەش شەپۆلێکی قورسی
نادڵنیاییو ناڕەزایەتی لەناوچەکەدا دروستکردوە.
بهگوێرهى ئەو زانیارییە مەیدانییانەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی
مرۆڤەوە بڵاوکراونەتەوە، هاوڵاتییهكى كورد بهناوى (عەبدولعەزیز ئەمین عوسمان) تەمەن
51 ساڵ، لهپاشنیوەڕۆی هەینی ڕابردوهوه لەسەر ڕێگهی سەرەکیی نێوان هەردوو شارۆچکەی
عەقرەباو قەریبە سەلیم لەدیمەشق لەلایەن گروپێکی دەمامکداری چەکدارەوە ڕفێندراوە.
زانیارییهكان ئاماژهیان بهوهكردوه، ڕفێنهرهكان لەڕێگەی تەلەفۆنەوە
پهیوەندییان بەخێزانی ڕفێندراوهكهوه کردوەو بەفەرمی داوای بڕی 100 هەزار دۆلاری
ئەمریکی دەکەن لەبەرامبەر پاراستنی ژیانیو ئازادکردنیدا، داواكردنى ئەم بڕە پارە
زۆره بارگرانییەکی دەرونیو دارایی زۆر قورسی لەسەرشانی بنەماڵەکەی دروستکردوە.
عەبدولعەزیز ئەمین عوسمان کە لەبنەڕەتدا لەدایکبوی ساڵی 1975ی شاری کۆبانیی
ڕۆژئاوای کوردستانە، نزیکەی 31 ساڵە بەتەواوی لەپارێزگای سوەیدا نیشتەجێیەو وەک
هاوڵاتییەکی مەدەنیو کاسبکار لەبواری لێدانی بیردا کاردەکات، تائێستا شوێنی دەستبەسەرکردنی،
بارودۆخی تەندروستیو ناسنامەی ئەو چەتانەی کە لەپشت پڕۆسەکەوەن بەتەواوی بەنادیاری
ماوەتەوە، کەسوکاری عوسمان هاوارى بەپەلهیان ئاراستەی سەرجەم ڕێکخراوە مرۆییەکان
کردوە بۆ دەستبەجێ دەستێوەردانو ڕزگارکردنی ژیانی پێشئەوەی توشی چاوەڕوانییەکی
کوشندەبێت.
