باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبارەی عێراقەوە هۆشداری دەدات: ڕەنگە شتێكی مەترسیدار ڕووبدات

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1457 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، هاووڵاتیانی ئەمریكایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە ئەگەری زیادبوونی لەناكاوی ئاڵۆزییە ئەمنییەكان ئاگادار كردووەتەوە و داوای لێكردوون ئاگاداربن و بەدواداچوون بۆ دواهەواڵەكان بكەن. ئەمەش لە كاتێكدایە كە نیگەرانی لە هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان، داخستنی ئاسمان و تێكچوونی گەشتەكان هەیە.

دەسەڵاتدارانی ئەمریكا لە ڕاگەیەندراوێكدا داوایان لە هاووڵاتیانیان كردووە كە كاتی گەشتەكانیان ڕاستەوخۆ لەگەڵ كۆمپانیاكانی هێڵی ئاسمانی پشتڕاست بكەنەوە و چاودێریی هاتووچۆی فڕۆكەكان لە فڕۆكەخانەكانی بەغدا، هەولێر، بەسرە و سلێمانی بكەن. هەروەها ئاماژەیان بەوە كردووە كە شەڕ و پێكدادانی سەربازی لە ناوچەكەدا دەتوانێت بە خێرایی پەرە بستێنێت.

هەروەها، ئاگادارییان داوە لەوەی كە ئێران و گرووپە چەكدارە هاوپەیمانەكانی ڕەنگە هێرش بكەنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا؛ لەوانە كۆمپانیا، دامەزراوە و شوێنە پەیوەندیدارەكان بە ئەمریكاوە. باڵیۆزخانەكە ئاماژەی بەوەش كردووە كە پێشتر دامەزراوە دیپلۆماسییەكانی ئەمریكا لە چەند شوێنێكدا بوونەتە ئامانجی هێرش، تەنانەت لە شوێنەكانی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش.

ڕێنماییەكانی ئەمریكا ئەم خاڵانەشیان لەخۆ گرتووە:
- دووركەوتنەوە لە خۆپیشاندان و كۆبوونەوە گەورەكان.
- دووركەوتنەوە لەو ناوچانەی كە هێزە ئەمنییەكان بە چڕی تێیاندا بڵاو بوونەتەوە.
- بەدواداچوون بۆ میدیا ناوخۆییەكان و پابەندبوون بە ڕێنماییەكانی دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار.
- وریایی زیاتر لە نزیك باڵیۆزخانە، كۆمپانیا و دامەزراوە ئەمریكییەكان.