هه‌واڵێكى خۆش بۆ كه‌سوكارى شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوان.. موچه‌كانیان زۆر زیاد ده‌كات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2781 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری کاروباری شەهیدان‌و ئەنفالکراوانی هەرێم پێشهاتی گرنگی دەربارەی پڕۆژەی هاوتابونی موچەی شەهیدان‌و ئەنفالکراوانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ئاشکراکرد، ڕاشیگەیاند، پڕۆژەکە بەهاوئاهەنگیی تەواوی لایەنە عێراقییەکان لەقۆناغی جێبەجێکردندایەو به‌گوێره‌ى یاسا، موچەی شەهیدانی سەنگەرو هاوڵاتى‌و شه‌هیدانى جینۆساید بەشێوازێکی بەرچاو بەرزدەکرێتەوە".


عەبدوڵڵا حاجی مەحمود  وەزیری کاروباری شەهیدان‌و ئەنفالکراوانی حكومه‌تى هەرێم ئاشكرایكرد، به‌گوێره‌ى پڕۆژەیاسای هاوتابونی شایستەکان، موچەی شەهیدانی سەنگەرو جینۆساید دەبێتە ملیۆنێک‌و 200 هەزار دینار، لەکاتێکدا موچەی شەهیدانی هاوڵاتی (مەدەنی) بۆ 600 هەزار دینار بەرزدەکرێتەوە.

وەزیری شەهیدان ئاماژەی بەوەشدا، لەئێستادا لەهەرێمی کوردستاندا بەفەرمی 69 هەزارو 522 شەهید تۆمارکراون‌و بۆ جێبەجێکردنی ئەم زیادکردنە نوێیە، پێویستیمان به‌بڕى ته‌نها 75 ملیار دیناری مانگانە هەیە.

عەبدوڵڵا حاجی مەحمود جەختیکردەوە، بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە، سەردانی سەرجەم لایەنە عێراقییەکانیان لەبەغدا کردوە، ده‌شڵێت، "لەم چوارچێوەیەدا، عەممار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیكمە کە هاوکات وەزیری دارایی عێراقیش سەر بەڕەوتەکەی ئەوە، پاڵپشتیی تەواوی خۆی نیشانداوەو ڕایگەیاندوە، بەفەرمی پشتیوانیی ئەم پڕۆژەیە لەبەرژەوەندیی شایستە دارایییەکانی کەرتی شەهیدان‌و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان دەکه‌م".

وەزیری کاروباری شەهیدان دڵنیاییدایە کەسوکاری قوربانیان کە لەئێستادا تیمە تایبەتمەندەکانی هەرێمی کوردستان بەبەردەوامی لەسەر هێڵن لەگەڵ بەغدا بۆ ڕێکخستنی لیستەکان، هیچ جۆرە دژایەتی‌و بەربەستێکیش لەبەردەم ئەم پڕۆژە داراییەدا نییەو گواستنەوەی شایستەکان بەرەو یەکلاییکردنەوەی فەرمی هەنگاو دەنێت.