شارپرێس:
ڕاپرسییەکی نوێی پەیمانگای "ئیپسۆس" ئاشکرای کردووە کە نزیکەی نیوەی هاووڵاتیانی بەریتانیا لە هیچ بارودۆخێکدا ئامادە نین بۆ بەرگریی لە وڵاتەکەیان بجەنگن؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی لەنێوان ڕوسیا و ئەوروپا زیاد دەکەن.
بەپێی ئەنجامەکانی ڕاپرسییەکە، تەنیا 36%ی بەشداربووان ئامادەیی خۆیان بۆ جەنگکردن لە پێناوی بەرگریی لە بەریتانیا دەربڕیوە. ئەم داتایە بۆشایی نێوان پێداویستییەکانی ئامادەکاریی سەربازیی و هەڵوێستی ڕای گشتیی نیشان دەدات.
ئەم ئەنجامانە چەند ڕۆژێک دوای هۆشداریی ئەلیستەر کارنز، وەزیری هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا، سەبارەت بە زیادبوونی مەترسیی جەنگ لە ئەوروپا بڵاوکرانەوە.
ڕاپرسییەکە هەروەک ئەوەی ئاشکرای کردووە کە 51%ی بەشداربووان پشتیوانییان لە زیادکردنی بودجەی بەرگریی کردووە، بەڵام 44% دژی زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکان بوون، ئەگەر پێویستی بە زیادکردنی باج یان کەمکردنەوەی خەرجیی خزمەتگوزارییە گشتییەکان هەبێت.
ئەم دۆخە ئاڵنگارییەکی گەورە بۆ حکومەتی بەریتانیا درووست دەکات، کە دەیەوێت تواناکانی هێزە چەکدارەکان بەهێز بکات، بەبێ ئەوەی بارگرانیی دارایی زیاتر بخاتە سەر هاووڵاتیان یان خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان کەم بکاتەوە.
لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییەکان لە ڕوسیا و تۆمەتەکان سەبارەت بە چالاکییەکانی ئێران دژی ئاسایشی بەریتانیا، حکومەت ڕووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییە بۆتەوە کە چۆن پارەی پێویست بۆ نوێکردنەوەی توانا سەربازییەکان دابین بکات و لە هەمان کاتدا جێگیریی ئابوریی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان بپارێزێت.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
