کەنداڵ جودی ـ شارپرێس:
هاوتەریب لەگەڵ ئەو پڕۆسە بەرفراوانەی کۆمەڵکوژیی
ژینگە کە لەلایەن کۆمپانیاو سوپای تورکیاوە لەباکورو باشوری کوردستان (بەتایبەت لەناوچە
سنورییەکانی دهۆک) دژ بەسروشت بەڕێوەدەچێت، بەڵگەنامەو داتاکانی ڕێکخراوی مافەکانی
مرۆڤی عەفرین لهڕێگهى شارپرێس-هوه پشتڕاستیدەکەنەوە، ڕۆژئاوای کوردستانیش ڕوبەڕوی
هەمان تاوانی بڕینەوەی سیستماتیکی دارەکان بوەتەوە.
بڕینەوەی یەک ملیۆن داری زەیتون لەعەفرین
بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى لهلایهن ڕێکخراوی
مافەکانی مرۆڤی عەفرین-هوه بهشارپرێس دراوه، لەساڵی 2018وه تاوهكو ساڵی
2024، تورکیا لەڕێگەی گروپە چەکدارەکانی خۆیەوە لەناوچەکانی (ڕاجۆ، جندرێس، شێی، شەرانو
شێراوا) زیاتر لەیەک ملیۆن داری زەیتونی بەتەواوی بڕیوەتەوە.
ڕێكخراوهكه ئاماژه بهوهدهكات، تەمەنی
ههریهك لهو هەزاران دارانە لە 100 ساڵ زیاتر بوە، ئامانجی سەرەکیش لەم كۆمهڵكوژییه،
دروستکردنی بنکەی سەربازییو بازرگانیکردن بوە بەفرۆشتنی دارەکان ههم بۆ سوتهمهنىو
ههمیش بۆ پیشهسازیى.
کۆمەڵکوژکردنی سەدا 60ی دارستانەکان
تاڵانکاریی ژینگەیی لەناوچەکەدا تەنها بەدار
زەیتونەکانەوە نەوەستاوە، وهكو ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین جهختى لهسهردهكاتهوه،
"تورکیا سەدا 60ی دارستانەکانی عەفرینی بەتەواوی تێکداوە".
ههر لهو زانیاریانهى لهڕێگهى شارپرێس-هوه
ئاشكراكرد، ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین دهڵێت، "لەکۆی 39 هەزارو 500 هێکتار
دارستانی سروشتیی ناوچەکە، زیاتر لە 15 هەزار هێکتاری بەتەواوی بڕدراونەتەوەو دارهكانیش
تاڵانکراون".
کەمبونەوەی کاتیی دوای نەمانی ئەسەد
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە تایبەتەکان لەعەفرینەوە
بەشارپرێس-یان ڕاگەیاند، دوای ڕوخانی ڕژێمی بهشار ئەسەد لەساڵی 2024داو چونەدەرەوەی
ژمارهیهك گروپی چەکدارو هەندێک لهبنکەكانى تورکیا، بڕینەوەی دارەکان تاڕادەیەک
کەمبوەتەوە، بەڵام تاوهكو ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەش، بڕینەوەی دارەکان هێشتا بەردەوامه.
سەرچاوەکانی شارپرێس لەعەفرینهوه چەند وێنەیەکی
دارستانەکانی عەفرینیان وەک بەڵگە ناردوە کە لەڕۆژانی ڕابردودا بڕدراونەتەوە، دهشڵێن،
"ئەم پەرەسەندنە نیشانیدەدات کە ستراتیژیی تێکدانی دیمۆگرافیاو ژینگەی
کوردستان، تاوانێکی ڕێکخراوی هاوبەشە کە سەرجەم بەشەکانی نیشتمانی گرتوەتەوەو
سروشتی سێ بهشى كوردستانى کردوەتە بارمتەی ململانێ سەربازییەکان".
تاڵانکاریی ژینگەیی لەباکوری کوردستان
لەباکوری کوردستان، سیاسەتی تێکدانی ژینگەو
سوتاندنی دارستانەکان لەلایەن تورکیاوە، بەپاساوی ئەمنیو سەربازیی، چەندین دەیەیە
بەشێوازێکی سیستماتیک بەردەوامە، لەناوچە شاخاوییەکانی وەک (دێرسیم، شرناخ)و كێوهكانى
بۆتان، ساڵانە لەگەرمەی وەرزی هاویندا، دارستانە سروشتییەکان بەئەنقەست ڕوبهڕوى
سوتاندن دەکرێنەوەو پڕۆسەی بڕینەوەی بەرفراوانی دارە دێرینەکانیش بەمەبەستی تێکدانی
پێكهاتەی جوگرافی جێبەجێدەکرێت، ئەم پڕۆسەیە لەژێر چاودێریی توندی هێزە ئەمنییەکاندایە،
نەک تەنها بوەتە هۆی لەناوبردنی ڕوبەری سەوزاییو جۆرە دەگمەنەکانی باڵندەو ئاژەڵە
کێوییەکان، بەڵکو گوندنشینانی ناوچەکەی لەسەرچاوەی بژێوییو بەرهەمە کولتورییە فۆلکلۆرییەکانیان
بێبەشکردوە.
پێشێلکاریی ژینگەیی لەباشوری کوردستانیش لهلایهن
توركیاوه بهردهوامه
لەباشوری کوردستانیش، تاوانی تێکدانی ژینگە
لەلایەن تورکیاوە لەژێر سێبەری پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمدواییانەدا
لەناوچە سنورییەکانی پارێزگای دهۆک (بادینان) گەیشتوەتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدار.
بهگوێرهى بەدواداچونی لایەنە ژینگەیییەکان،
کۆمپانیا تایبەتەکانی تورکیا بەپاڵپشتیی ڕاستەوخۆی سوپاکەیان، دەستیانکردوە بەبڕینەوەی
سیستماتیکی دارستانە چڕەکانی دەڤەری بەرواری باڵا، بادینانو کێوەکانی مەتیناو
گارا.
لەم پڕۆسەیەدا ملیۆنان داری سروشتی بڕدراونەتەوەو
بەمەبەستی بازرگانیکردنو بەکارهێنانیان بۆ سوتەمەنیو کەرەستەی پیشەسازیی
گواستراونەتەوە بۆ ناو خاکی تورکیا؛ ئەم کۆمەڵکوژییە ژینگەییە هاوشان لەگەڵ بۆردومانە
بەردەوامەکان لهڕابردودا، چەندین گوندی ئاوەدانی چۆڵكردوهو سروشتی ڕەسەنی ناوچەکەی
خستوەتە بەردەم قەیرانێکی کەموێنەی درێژخایەن.
