شارپرێس:
لەکاتێکدا کە بازاڕی هاوتەریبی دراو لەعێراق
بەدەست بەرزبونەوەی کتوپڕی نرخەکانەوە دەناڵێنێت، وتەبێژی فەرمیی حکومەتی عێراق
پلانێکی نوێی دارایی بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکانو نزیککردنەوەی نرخی بازاڕی ڕەش لەنرخی
فەرمی ڕاگەیاند، بەڵام ئەم ڕاگەیاندنە گەشبینییە کتوپڕەی حکومەت لەلایەن شیکەرەوە
ئابورییەکانو بازرگانانەوە بەوریاییو گومانەوە تەماشا دەکرێت، چونکە واقیعی مەیدانیی
بازاڕهكانى دراو، پێشهاتی قورستر نیشاندەدهن.
لێدوانەکەی عەبودی؛ ئامانجی کورتخایەن بۆ گەیشتنى
ههر دۆلارێك بهرامبهر بە1550
حەیدەر عەبودی لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی
(واع) ڕایگەیاندوه، حکومەتو بانکی ناوەندیی بهگوێرهى پلانێکی داڕێژراو کاردەکەن
بۆ ئەوەی لەماوەیەکی نزیکدا نرخی هەر دۆلارێک لەبازاڕی ڕهشدا داببەزێنن بۆ 1550 دینار،
یەدەگی دراوی قورسی عێراقیش لەدۆخی بەهێزیدایەو دەتوانێت پێداویستییەکانی هاوردەکردنی
دەرەکی بەتەواویو بەبێ دواکەوتن دابین بکات.
هاوكات بۆ هێورکردنەوەی توڕەیی هاوردەکاران،
حەیدەر عەبودی وتهبێژى حكومهتهكهى زهیدیى ڕایگەیاندوه، تەواوی ئەو حەواڵانەی
پێش گۆڕانکارییەکەی نرخی سەرەکی پێشکەشکرابون، بهگوێرهى نرخی پێشوو (132 هەزار دینار)
بۆ هەر 100 دۆلارێک پارەدار دەکرێنو شایستەکانیان دەدرێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بڕیاری
بەخشینی گشتیی دەرمانو خۆراک لەباجی گومرگی کە لە7ی تشرینی یەکەمەوە چوەتە بواری
جێبەجێکردنەوە.
واقیعی مەیدانیی بازاڕ؛ بۆچی جیاوازیی نرخەکە
گەورەیە؟
سەرهڕای ئەم بەڵێنانەی حکومەت، واقیعی بازاڕی
عێراق ڕوبەڕوی گوشارێکی پێچەوانە بوەتەوە، بۆ نمونه تێچوی ڕاستەقینەی هاوردەکار،
بازرگانان لەبازاڕەکانی دراو ئاشکرایانكردوه، نرخی فەرمیی نوێ، کراوە به152 هەزار
دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک، بەڵام بەهۆی باج، ڕەسمی جیاوازو تێچوە بانکییەکانەوە، تێچوی
ڕاستەقینەی کڕینی دۆلاری فەرمیی، دەگاتە 164 هەزار دینار.
ههروهك باس لهوهشدهكهن، ئەم قورسییەی
تێچوی فەرمیو دواکەوتنی پڕۆسەی حەواڵەکان وایکردوه، نرخی دۆلار لەبازاڕی دراودا
کتوپڕ بازدان بەخۆیەوە ببینێتو بگاتە زیاتر لە180 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک،
پێشئەوەی لەدەوروبەری 164 بۆ 166 هەزاردا جێگیربێت؛ ئەمەش بوەتە هۆی بەرزبونەوەی ڕاستەوخۆی
نرخی خۆراک لەبازاڕەکانی عێراقو ههرێمى كوردستان.
شیکاریی ئابوریی؛ بۆچی حکومەت توانای دابەزاندنی
تەواوی نییە؟
پسپۆڕانی داراییو ئەکادیمیستەکان ئاماژە بەوەدەکەن،
هۆکاری سەرەکیی تێکچونی بەهای دینار، پەککەوتنی بەشێک لەهەناردەی نەوتە بەهۆی گرژییە
قورسە سەربازییەکانی ناوچەکەو دابەزینی داهاتی دۆلار لەناوخۆدا، حکومەتیش بەناچاریی
نرخی فەرمیی بەرزکردەوە بۆ ئەوەی دیناری زیاتری دەستبکەوێت بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانو
قەرەبوکردنەوەی كورتهێنانى بودجە.
لهو ڕوهشهوه پسپۆڕان هۆشداریدەدەن، بەڵێنی
گەیاندنی دۆلار بە1550 دینار ناتوانێت ببێتە ڕاستییەکی بەردەوام، مەگەر ئەوکاتەی کە
حکومەت ڕێوشوێنی توند دژ بەگۆڕەرانی سەرەکیی دراو بگرێتەبەرو پڕۆسەی پێدانی دۆلاری
فەرمی بەبازرگانان خێراتر بکات؛ بەپێچەوانەوە، بەردەوامبونی شڵەژانی بازاڕی ڕەش، هێزی
کڕینی هاوڵاتیان پەکدەخاتو بازاڕ بەرەو بێ بازاڕیی یاخود سستییەکی ئابوریی قورس
پاڵ پێوەدەنێت.
