شارپرێس:
پێشبینییەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، عێراق دەخەنە پێشەنگی ئابورییە عەرەبییەکان لەڕوی گەشەکردنەوە لەماوەی ساڵی 2027دا، بەڕێژەیەک کە ڕەنگە بگاتە 19٪، بەڵام ئەم ژمارە بەرزە ڕێک دوای ساڵێک دێت کە وڵاتەکە توشی پاشەکشهیهكى توندو دابەزینی 53٪ی داهاتی نەوت ببوو لەحەوت مانگی یەکەمدا، ئەمەش پرسیارێکی زۆر لەسەر سروشتی ئەم بوژانەوە چاوەڕوانکراوەو ڕادەی ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروستدەکات.
بهگوێرهى خەمڵاندنەکانی سندوقەکە، کارامەیی ئابورییە عەرەبییەکان لەنێوان ساڵانی 2026و 2027دا گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، پاشئەوەی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت ڕوبەڕوی فشارەکانی پهیوەست بەشڵەژانی هاتوچۆی دەریایی لەگەروی هورمزو کەمبونەوەی هەناردەو دابینکردنی نەوت ببونەوە، سندوقەکە پێشبینیدەکات لەساڵی 2027دا زۆربەی ئابورییە عەرەبییەکان ببوژێنەوە، هاوکات لەگەڵ گەڕانەوەی هەناردەی نەوت بۆ ئاستی سروشتیی خۆییو باشبونی دۆخی ئەمنی، کە تێیدا عێراق بەرزترین ڕێژەی گەشەکردنی عەرەبی بەدەستدەهێنێت.
ئەمەش واتە گەشەکردنە چاوەڕوانکراوەکە بەستراوەتەوە بەگەڕانەوەی چالاکییە نەوتییەکان کە عێراق لەکاتی قەیرانەکەدا لەدەستیدابون، نەک بەهۆی فراوانبونی هاوشێوە لەکەرتەکانی پیشەسازیی، کشتوکاڵو کەرتە بەرهەمهێنەرەکان یان بەرزبونەوەی داهاتی هاوڵاتیان بەهەمان ڕێژە.
داهاتی گشتیی 33 ترلیۆن دینار دابەزیوە
سۆزان عەبدوڵڵا سەرۆکی دەستەی گشتیی چاودێریکردنی تەرخانکردنی داهاتە فیدراڵییەکان ئاشکرایکردوه، کۆی گشتیی داهاتە گشتییەکان لەنزیکەی 72 ترلیۆن دینارەوە لەحەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا، بۆ 39.1 ترلیۆن دینار لەهەمان ماوەی ساڵی 2026دا دابەزیوە، واتە بەڕێژەی 45.7% پاشەکشهیکردوە.
سەرۆکی دەستەی گشتیی چاودێریکردنی تەرخانکردنی داهاتە فیدراڵییەکان بهڕۆژنامهى مهداى وتوه، "داتاکانی ژمێریاریی دەوڵەتی فیدراڵی کە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە تاکۆتایی تەمموزی ڕابردوو دەرچون دەریانخستوە، داهاتی نەوت لەنزیکەی 65 ترلیۆن دینارەوە بۆ 30.4 ترلیۆن دینار دابەزیوە، واتە بەڕێژەی 53٪ کەمیکردوە، بەرامبەر بەمە، داهاتە نانەوتییەکان بەڕێژەی 23.5% بەرزبونەتەوە، (لە701 ترلیۆن دینارەوە بۆ نزیکەی 807 ترلیۆن)، بەڵام نەیانتوانیوە قەرەبوی ئەو زیانه گەورەیەی سەرچاوە نەوتییەکان بکەنەوە، لێرەشەوە پشکی نەوت لەکۆی داهاتە گشتییەکان لە90٪وە بۆ 78٪ دابەزیوە، زیادكردنى داهاتە نا نەوتییەکان ئیتر بژاردە نییە، بەڵکو پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی دارایی".
جیاوازیی نێوان پێشبینییەکانی گەشەی 2027و دەرئەنجامەکانی 2026، ناسکیی ئابوریی عێراق لەبەردەم هەر شڵەژانێکی هەناردەی نەوتدا نیشاندەدات؛ چونکە بەرهەمی ناوخۆیی دەتوانێت بازدانێکی گەورە تۆماربکات تەنها بەگەڕانەوەی هەناردە، بەڵام لەگەڵ دابەزینی نرخەکان یان وەستانی ڕێڕەوەکانی ناردن، هەمیشە لەبەردەم مەترسیی شکستێکی نوێدایە.
کەرتە بەرهەمهێنەرەکان لاوازنو توانای ڕکابەرییان نییە
جەلیل لامی توێژەری ئابوری بهڕۆژنامهكهى ڕاگهیاندوه، بەڕێوەبردنی مەلەفی ئابوریی پاش ساڵی 2003 نەیتوانیوە پەیوەندییەکی ڕون لەنێوان کەرتی گشتییو تایبەتدا دروستبکات، سەرهڕای ئەوەی مادەی 25ی دەستور جەخت لەسەر چاکسازیی ئابوریی بهگوێرهى بنەمای هاوچەرخو هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات دەکاتەوە.
لامی ڕاشیگەیاندوه، پشتبەستنی ڕەهای عێراق بەهەناردەی نەوتی خاو، هاوشان لەگەڵ پاشەکشێی چالاکییەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازییو بازرگانیی وایکردوە، بازاڕ بەتەواوی پشت بەکاڵاو خزمەتگوزارییە هاوردەکراوەکان ببەستێت، تەنانەت لەو بەرهەمانەشدا کە دەکرێت لەناوخۆدا دروستبکرێن، هۆکاری لاوازیی کەرتە نانەوتییەکانیش بۆ خراپیی بەڕێوەبردن، خاوبونەوەی فەرمیی فەرمانگەکانو نەبونی ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەشەی کۆمپانیا نیشتمانییەکان دەگەڕێتەوە، کارگەو پڕۆژە کشتوکاڵییە ناوخۆییەکان ڕوبەڕوی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە وەک بەرزیی تێچوی کارپێکردن، لاوازیی ژێرخان، پچڕانی کارەباو قورسیی دەستکەوتنی پارەدارکردن.
لای خۆیشیەوە، ڕاغب بلیبل سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی بازرگانیی عێراق جەختیکردوهتهوه، چارەسەرکردنی ناهاوسەنگییە ئابورییەکان ناکرێت تەنها بەوەزارەتێک یان دامەزراوەیەک بسپێردرێت، بەڵکو پێویستی بەپێداچونەوەی گشتگیر هەیە بۆ سیاسەتەکانی دەوڵەت لەسەر بەرهەمهێنان، بازرگانیی، وەبەرهێنانو هەناردەکردن.
ناوبراو داوای ڕێکخستنی جوڵەی هاوردەو ناردن، چاودێریکردنی نرخەکانو پێشکەشکردنی ئاسانکاریی بۆ بەرهەمی نیشتمانی کرد تا بتوانێت ڕکابەری بکاتو پشتبەستن بەدەرەوە کەمبکاتەوە، چونکە گەندەڵیی، ناکۆکیه سیاسییەکانو لاوازیی پلاندانان، ڕێگربون لەپەرەپێدانی ئەم کەرتانە.
ستراتیژیی عێراق 2050 لەکۆنگرەی بانکۆک
لەم چوارچێوەیەدا، فالح سارى وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، (ستراتیژیی عێراق 2050) ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستنە بەنەوت، لەگەڵ بەهێزکردنی کەرتی تایبەتو هاندانی گەشەی گشتگیر لەڕێگەی بەهێزکردنی دامەزراوەکانەوە.
سارى لەمیانی کۆبونەوە ساڵانەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیو گروپی بانکی نێودەوڵەتی لەبانکۆک ڕایگەیاند، "حکومەت کار لەسەر ئامادەکردنی چارەسەری خێراو داهاتوو دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی لێکەوتەکانی قەیرانی گەروی هورمز، متمانەی خۆشم بەئەنجامدانی چاکسازیی دارایی لەدوساڵی داهاتودا نیشاندهدهم".
وتوشیهتى، کۆبونەوەى لەگەڵ بەرپرسانی سندوقەکە ئەنجامداوه بەئامادەبونی نزار ناسر پارێزگاری بانکی ناوەندیی، بۆ تاووتوێکردنی پێشەنگییەکانی چاکسازیی، بەڵام گۆڕینی ئەم ستراتیژییە بۆ دەستکەوتی ڕاستەقینە، بهبڕواى وهزیرى دارایى عێراق، "پێویستی بەچارەسەرکردنی پێكهاتەی خەرجیی گشتییو کەمکردنەوەی دامەزراندنی حکومی هەیە، نەک ئەوەی هەمەچەشنکردنی ئابوریی هەمیشە وەک ئامانجێکی دواخراو لەپلانەکاندا بمێنێتەوە".
بودجەیەک کە زیاتر لەلیستی موچە دەچێت
حوسێن عەلی حەمدانی توێژەر لەکاروباری سیاسیی ڕایگهیاندوه، "حکومەتەکانی عێراق لەبەڕێوەبردنی قەیرانە دارایییەکاندا سەرکەوتوبون، بەڵام نەیانتوانیوە هۆکارە بنچینەیییەکانی چارەسەربکەن".
حەمدانی لەوتارێکدا ئاماژەی بەوەکردوه، نەوت هێشتا گەورەترین ڕێژەی داهاتی بودجە دابیندەکات، لەکاتێکدا موچە، خانەنشینیو چاودێریی کۆمەڵایەتی بەشە هەرە گەورەکەی خەرجیی گشتیی دەبەن؛ ناوبراو بودجەی عێراقی بەوە وەسفکرد، زیاتر لەلیستی موچەی کۆمپانیایەکی نەوت بەناوی عێراق دەچێت.
بهگوێرهى بۆچونهكانى ئهو، "بەشداریی پیشەسازییو کشتوکاڵ پێکەوە هێشتا زۆر سنوردارەو داهاتە ئابورییە گەورەکانی بەندەری فاوو ڕێگەی گەشەپێدانیش تا چەند ساڵێکی دیكه دەرناکەون، لەکاتێکدا دەوڵەت مانگانە پێویستی بەدابینکردنی موچەو خەرجییەکان هەیە، فراوانبونی بەردەوامی گرێبەستو دامەزراندنی حکومی، هۆکارە کە هەر چاکسازییەک پێویستی بەبڕیاری سیاسیی قورس هەبێت، وەک ڕاگرتنی دامهزراندنى نا پێویست، گواستنەوەی بەشێک لەداهاتی نەوت بۆ سندوقی سەروەرییو سەپاندنی باجی ڕاستەقینە لەسەر قازانجە گەورەکان".
پەنجەرەی دۆلارو پسوڵەی دواخراو
سەرکان کامیل توێژەر پێیوایە، سیاسەتی پاڵپشتیکردنی نرخی دۆلار لەساڵانی ڕابردودا بەڕواڵەت نرخەکانی جێگیرکردوە، بەڵام بەشداریش بوە لەدروستکردنی ئیمتیازێکی ئابوریی بۆ ئەوکەسانەی کە دەگەنە دراوی بیانی بەنرخی فەرمیی.
بهوتهى کامیل، "ئامانجی تیۆری لەدابینکردنی دۆلاری هەرزان بۆ هاوردەکار بریتیبوو لەدابەزاندنی تێچوی کاڵاکان، بەڵام فراوانبونی جیاوازیی نێوان نرخی فەرمییو بازاڕی هاوتەریب، دراوە پاڵپشتیکراوەکە خۆی دەگۆڕێت بۆ سەرچاوەی قازانج، بەشێکیش لەسەروەتی نەوت بۆ پاڵپشتیکردنی ئابورییەکی بەکاربەر بەکارهێنراوە کە پشت بەهاوردە دەبەستێت، لەجیاتی ئەوەی ئاراستەی کارگەکان، ژێرخان، خوێندنو سندوقی نەوەکانی داهاتوو بکرێت، هەموارکردنی نرخی گۆڕینەوەش پاش دابەزینی داهاتەکانو فراوانبونی كورتهێنان هات، بەڵام بەشێک لەتێچوی قەیرانەکەی لەڕێگەی گرانبونی کاڵا هاوردەکراوەکانەوە خستەسەرشانی هاوڵاتی".
ناوبراو داوای بەستنەوەی دۆلاری هاوردەکردن بەکاڵای ڕاستەقینەی شیاوی بەدواداچون، هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازەکان لەدەستڕاگەیشتن بەدراوو کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان کرد.
لەکۆتاییدا، لە نێوان پێشبینیی گەشەی 19٪ لەساڵی 2027و دابەزینی توندی نەوت لەساڵی 2026دا، ئابوریی عێراق لەبەردەم بوژانەوەیەکی ئەگەریدایە کە گەڕانەوەی هەناردەی نەوت ڕابەرایەتی دەکات نەک کەرتە بەرهەمهێنەرەکان، بۆیە تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە بەندە بە توانای حکومەت بۆ گۆڕینی داهاتی قۆناغی بوژانەوە بۆ پیشەسازیی، کشتوکاڵ، ژێرخانو ڕەخساندنی دەرفەتی کار، لەجیاتی گەڕانەوە بۆ خولی خەرجکردنو پشتبەستن بەنەوت تا قەیرانی داهاتوو.
