شارپرێس:
تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی ڕوبەڕوی فشارێکی قورسی داواکاری گشتیی دەبنەوە کاتێک نوێنەری داواکاری گشتیی داوای گۆڕینی مادەی یاسایی دۆسیەکە دەکات بۆ توندترکردنی سزای سەرجەم تۆمەتبارانو بەتایبەت لاهور شێخ جەنگی وەک سەرۆکی گروپەکە، لەکاتێکدا سێ دادوەرەکەی سەر بەدەستەی دادگا بۆ یەکلاییکردنەوەی بڕیاری کۆتایی لهکۆبونەوەدان.
سهرچاوهیهك لهتیمى پارێزهرانى دۆسیهى لالهزار بهشارپرێس-ى وت، "ئەندامێکی داواکاری گشتیی لەدانیشتنی ئەمڕۆی دادگاییکردنی دۆسیەی لالەزاردا، بەفەرمی داوایەکی بەرزکردەوە بۆ گۆڕینی مادەی یاسایی سەر لاهور شێخ جەنگیو دەستگیرکراوەکان لەمادەی 56وە بۆ مادەی 57 لەیاسای سزادانی عێراقی، بەمەبەستی توندترکردنی سزاكهیان کە دەگاتە 10 ساڵ زیندانیكردن".
وهكو سهرچاوهكه باسیكرد، "ئهو ئهندامهى داواكارى گشتیى جەختیکردەوە، دەبێت لاهور شێخ جەنگی بەو مادە قورسە سزابدرێت، چونکە سەرۆکی گروپەکە بوە، لەکاتێکدا هێزەکانی تیمی پارێزەران سەرجەم تۆمەتەکان بەناڕاست دەزاننو دەستەی دادوەرانیش بۆ خوێندنەوەی بڕیاری کۆتایی لەکۆبونەوەی خۆیاندان".
ئەم پێشهاتە کتوپڕە یاسایییە لەکاتێکدایە کە دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە (15ی تشرینی یەکەم)، دانیشتنی تایبەت بەتاووتوێکردنی دۆسیهكهى بەڕێوەبردو لەئێستادا سێ دادوەرەکەی سەر بەدەستەی دادگا لەناو ژوری کۆبونەوەدان بۆ خوێندنەوەی دەقی حوکمەکە.
بهگوێرهى زانیارییهكان، لەناو هۆڵی دادگادا ململانێیەکی توند لەنێوان لایەنەکاندا هەیه، وهكو سەرچاوەكهى شارپرێس وتى، "داواکارییەک هەبوو بۆ ئازادکردنی تەنها دوو دەستگیرکراوی لالەزار بەناوەکانی (کەیوانو عومەر)، بەڵام تیمی یاساییو پارێزەرانی دۆسیەى لاهور شێخ جهنگىو گیراوانى دیكهى لالهزار، بەتوندی دژى ئەو جیاکارییه وهستانهوهو داوای ئازادکردنی بێ مەرجی سەرجەم تۆمەتبارانیان پێشکەش بەسەرۆکی دادگا کردوە".
سهرچاوهكهى تیمى پارێزهران باسى لهوهشكرد، "لاهور شێخ جەنگی لە بەردەم دەستەی دادوەراندا بەهەڵوێستێکی جیاوازەوە لێدوانیداو ڕایگەیاند، هەرچییەک هەیەو هەر تۆمەتێک کە خراوەتە پاڵمان، تەنها من لەسەری سزابدەن، چونکە ئەوانی دیكه هەمویان کوڕی هەژارن، بۆیە ئەوان ئازادبکەنو تەنها من ڕوبەڕوی بڕیاری سزا بکەنەوە".
هاوکات سەرچاوەیەکی فەرمی لەتیمی پارێزەرانەوە لهڕێگهى شارپرێسهوه ئاشكرایكرد، "لاهور شێخ جهنگى سەرجەم ئەو تۆمەتانەی لەڕابردوو و ئەمڕۆشدا ڕوبەڕوی کراونەتەوە بەتەواوی ڕەتدەکاتەوەو جەختدەکاتەوە، سەرجهمیان تۆمەتی ناڕاست، بێبنەماو چەواشەکارانەن".
سهرچاوهكهى شارپرێس ئهوهشى ڕونكردهوه، "پاش کۆتایهاتنی پڕۆسەی دادگاییکردنی ئەمڕۆ، بڕیاروایە لەڕۆژی 28ی ئەم مانگەدا (28ی تشرینی یەکەم)، دانیشتنێکی دیكهى دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگیو دەستگیرکراوانی دیكهى لالەزار لەسەر دۆسیەیەکی جیاواز بەگوێرهى مادەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی بەڕێوەبچێت کە ئەو مادەیەش تایبەتە بەتاوانی کوشتنی بەئەنقەستو چاوەڕواندەکرێت ڕەهەندەکانی ئەو مەلەفەش گرژیی یاسایی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت".
