شارپرێس:
كۆڵۆمبیا باڵیۆزخانەی خۆی لە قودس كردەوە لەڕێوڕەسمێكدا بەئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئەم هەنگاوە كاردانەوەی توندی وڵاتانی عەرەبی لێكەوتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی فەلەستین ڕایگەیاند ئەم هەنگاوە هێرشە بۆ سەر مافەكانی گەلی فەلەستین و كاریگەری لەسەر پێگەی یاسایی ومێژوویی قودس نابێت.
وەزارەتی دەرەوەی میسر دەڵێت "بە توندترین شێوە بڕیارەكەی كۆڵۆمبیا بۆ كردنەوەی باڵیۆزخانەكەی لە قودس ئیدانە دەكەین، ئەمە پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان و بڕیارنامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانە، هەروەها تێكدانی هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە ئاشتییەكی دادپەروەرانە و هەمەلایەنەیە".
وەزارەتەكە، جەختیكردەوە لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە بڕیارنامە نێودەوڵەتییەكان و پابەندبوون بە چارەسەری دوو دەوڵەت وەك تاكە ڕێگە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەكی دادپەروەرانە و هەمەلایەنە، گەرەنتی دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی فەلەستینی لەسەر سنوورەكانی ٤ی حوزەیرانی ١٩٦٧، كە قودسی ڕۆژهەڵات پایتەختەكەی بێت.
هاوكات وەزارەتی دەرەوەی سعودییە ڕایگەیاند، كردنەوەی باڵیۆزخانەكە پێشێلكارییەكی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر پێگەی یاسایی و مێژوویی قودس و پێچەوانەی هەڵوێستی دامەزراوی نێودەوڵەتییە لەو بارەیەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئوردنیش جەختی لەوە كردەوە كە هەر ڕێوشوێنێك بە ئامانجی گۆڕینی پێگەی یاسایی قودس "پووچەڵەو هیچ كاریگەرییەكی یاسایی نییە".
