شارپرێس:
بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای چاپو بڵاوکردنەوەی (دیپنۆت ـ Dipnot) لەتورکیا، لەلێدوانێکی فەرمیدا ئاشکرایکرد، کۆی گشتیی تیراژی چاپکراوی کتێبەکانی نوسەرو ڕێبەری پێشوتری هەدەپە، سەڵاحدین دەمیرتاش، تەنها لەسەر ئاستی ناوخۆیی وڵاتدا ملیۆنێک تیراژى تێپەڕاندوە، دهشڵێت، "ئەمە ژمارەیەکی پێوانەیی ناوازەیە بۆ نوسەرێک کە لەناو زینداندا بەرهەمەکانی دەنوسێت".
ئەمیرالی تورکمان بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای چاپو بڵاوکردنەوەی (دیپنۆت ـ Dipnot) لەچاوپێکەوتنێکدا ناوی ئهو چوار نوسەرەی دیكهى توركیاى ڕاستەوخۆ دیارینەکرد، بەڵکو تەنها بۆ نیشاندانی قورسیی دەستکەوتەکە ڕایگەیاند، "لەمێژوی تورکیادا ژمارەی ئەو نوسەرانەی کتێبەکانیان گەیشتوەتە ئەم ئاستە بەرزە لەچاپکردنو فرۆشتنی دەستبەجێ، لەپێنج نوسەر تێپەڕناکات".
سەرهڕای ئەوەی لەلێدوانە فەرمییەکەدا ناوەکان فەرامۆشکران، بەڵام بهگوێرهى ئامارە فەرمییەکانی بازاڕی بڵاوکردنەوەو یەکێتیی نوسەران، ئەو چوار نوسەرە ناودارەی کە لەمێژوی کۆنو هاوچەرخی تورکیادا پێش دەمیرتاش تیراژی کتێبەکانیان ملیۆنێکى تێپەڕاندوە، بریتین لەئۆرهان پاموک خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەبیات کە ڕۆمانەکانی زۆرترین ڕێژەی چاپی مێژوییان لەناوخۆو دەرەوەدا تۆمارکردوە.
ههروهها یاشار کەمال-یش یەکێک لەپایە گەورەکانی ئەدەبیاتی کلاسیک کە بەزنجیرە ڕۆمانی (ئینجە مەمەد) پێوانەی چاپکردنی لەوڵاتەکەدا شکاند، سەباحەدین عەلی نوسەری کلاسیکی ناودار کە تەنها ڕۆمانە بەناوبانگەکەی (کچەکەی کڵاوپێستی سێبەر) ملیۆنان چاپی لێ بڵاوکراوەتەوە، ئەلیف شەفەق ڕۆماننوسی هاوچەرخ کە بەڕۆمانی (چل ڕێساکەی عەشق)و بەرهەمەکانی دیكهى، پێشەنگی پڕفرۆشترین کتێبەکانی گرتوە.
بهگوێرهى زانیارییەکانی دەزگای دیپنۆت، یەکەم کتێبی دەمیرتاش بەناوی (سەحەر) بەتەنها لهیهك مانگدا گەیشتوەتە چاپی 39یەمو زیاتر لە400 هەزار کۆپی لێ چاپکراوە، هاوكات ڕۆمانی (ئەفسون) 250 هەزارو ڕۆمانی (لێلان) 150 هەزار چاپیان تێپەڕاندوە؛ ئەمەش پێگەی ئەدەبیی دەمیرتاش هاوشانی گەورە نوسەرانی تورکیا جێگیردەکات.
