شارپرێس:
بهدواداچونێكى وردو ههستیارى ڕۆژنامهوانى ئاشكرادهكات، 124 پێگەی سەربازیی تورکیا لەسوریاو ڕۆژئاواى كوردستان؛ مانەوەی ئەنكەرە درێژدهكاتهوهو چارەنوسی هەزاران ئاوارەی عەفرینو سەرێ کانی-شى بەبارمتەگرتوه.
ئاژانسی هاوارنیوز بەدواداچونێکی مەیدانیی ئهنجامداوه کە لەسەر بنەمای نەخشە شیکارییەکانو ئامارە سەربازییەکانو شایەتحاڵی زیندوو داڕێژراوە، دهركهوتوه، پێگەی سەربازیی داگیرکاریی تورکیا لەناوخاکی سوریادا گەیشتوەتە 124 پێگەی سەربازیی بەڵگەدارو پشتڕاستکراوه کە پێکهاتون لە12 قەڵای سەربازیی جێگیرو 112 خاڵو پێگەی سەربازیی بچوکتر، ئەم ههبونە چەکدارییە بەرفراوانەى توركیا، نەک تەنها گەڕانەوەی هەزاران ئاوارەی سوریی پەکخستوە، بەڵکو دەرگای تەنگژەیەکی قورسی نێودەوڵەتیو ههرێمیشى لەگەڵ ئیسرائیلداواڵاکردوە.
ڕاپۆرته مهیدانیهكه ئاماژهى بهوهداوه، ئەم هێزە سەربازییانەی تورکیا بەسەر شهش پارێزگای سەرەکیی سوریادا دابەشبون، لهکاتێکدا زۆربەی هەرە زۆری هێزەکان لەدوو ناوچەی سەرەکیی نفوزی ڕاستەوخۆی توركیادا جێگیركراون، بۆ نمونه شارى حەلەب بەپلەی یەکەم دێتو 56 پێگەی سەربازیی تێدایە، ئیدلب بەپلەی دوەم دێتو 51 پێگەی سەربازیی تێدایە، گرێ سپی نۆ پێگەی سەربازیی تێدایە، سەرێکانى (لهپارێزگاى حهسهكه) پێنج پێگەی سەربازیی تێدایە، لازقیە-ش دوو پێگەی سەربازیی تێدایەو لهپارێزگاى حەما-ش یهك پێگەی سەربازیی تێدایە.
داتاکان ئاماژه بهوهدهكهن، سوپای تورکیا چەندین گوندی ئاوەدانی بەتەواوی لهدانیشتوانهكهى چۆڵکردوەو گۆڕیونی بۆ بنکەی چەکدارییو سهربازیى، بەهۆیەشهوە ڕێگه لەگەڕانەوەی هەزاران خێزانو هاوڵاتى سڤیل گیراوە كه بگهڕێنهوه ناوچهو گوندهكانى خۆیان.
ئهو زانیاریانهى لهڕاپۆرتهكهدا ئاشكراكراون دهڵێت، "لەدەڤەری سەرێکانیو گرێ سپی، پێنج گوندی سەرەکیی وەک (باب ئەلفەرەج، ئەلداودیە، ئەلعەریشە، ئەلمەناخو ئەلعامریە) بەتەواوی کراونەتە مۆڵگەی سەربازیی، لەدەڤەری عەفرین-یش سەرهڕای پاشەکشێی کاتیی لەگوندەکانی باسلەو جێ، بەڵام سێ گوندی سەرەکیی وەک (جەلبرە، دەروێشو شێخ خۆرز فۆقانی) هێشتا لەژێر کۆنترۆڵدانو خەڵکەکەیان مافی گەڕانەوەیان نییە، جیا لەگوندەکانی شێخ ناسرو شێخ عەقیل لەناوچەی باب لەڕۆژهەڵاتی حەلەب).
پەرلەمانی تورکیا لەتشرینی یەکەمی ساڵی 2025دا بەفەرمی پێشنیازی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەو ناردنی هێزەکانی بۆ سوریاو عێراق بۆ ماوەی سێ ساڵی دیكه پەسەندکرد؛ بەمەش دەسەڵاتی یاسایی هێزەکان تاوهكو ساڵی 2028 بەردەوامدەبێت، هاوکات یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، هیچ خشتەیەکی کاتیی بۆ پاشەکشێ نییەو مانەوە بەندە بەئاسایشی نیشتمانیی ئەنكەرەوە.
باس لهزانیارییە هەواڵگرییەکانیش كراوه كه ئاشكرایانكردوه، لەپێناو مەشقپێکردنی سوپای سوریا، ئەنكەرە خەریکی لێکۆڵینەوەیە بۆ دروستکردنی قاعیدەیەکی سەربازیی نوێ کە ئەم پڕۆژەیەش لەکۆبونەوەی نێوان ئەحمەد شەرع سهرۆكى سوریاو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەشوباتی 2025 لەئەنكەرە گەڵاڵەکرابوو.
ئەم پەرەسەندنە ڕوبەڕوی پەرچەکردارى توندی تەلئەبیب بوەوە؛ کاتێک گدعون ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دروستکردنی هەر بنکەیەکی سەربازیی تورکیا لەسوریا هێڵی سورە؛ چونکە ئەوان ڕێگەنادەن سیناریۆی دزەکردنی ئێران بۆ غەزەو لوبنان، ئەمجارە لەلایەن تورکیاوە لەسوریادا دوبارە ببێتەوە.
ئەم ڕەتکردنەوەیە ڕاستەوخۆ بەشێوازێکی مەیدانی وەرگێڕدرا، کاتێک فڕۆکەکانی ئیسرائیل (بنکەی ئاسمانیی ئەبو زوھور)یان بەههشت هێرشی ئاسمانیی خێرا بۆردومانکردو فڕگەی فڕۆکەکانو کۆگاکانی تەقەمەنییان تێکشکاند.
نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل-یش ئهوكات لەسەر هۆکاری هێرشەکە ڕایگەیاند، "سوریا لەچرکەساتی بەزاندنی ڕێککەوتنی ئاسایشیی نێوانماندابوو لەڕێگەی ڕێگەپێدان بەجێگیرکردنی هێزەکانی تورکیا لەو بنکە ئاسمانییەدا؛ ئێمە چەندینجار هۆشداریماندابوە دیمەشق، بەڵام ئەوان گوێڕایەڵ نەبون".
